کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسان بەردەوامە لە هەڵکشان

11:44 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاشکرای کرد کە نرخی هەڵاوسان لە ١٢ مانگی ڕابردوودا بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، ٢/٤% زیادی کردووە و نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیش لە مانگی سەرماوەزدا بەبەراورد لەگەڵ مانگی خەزەڵوەر ٢/٥% هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.

لە نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمدا هاتووە بەهۆی هەڵکشانی نرخی هەڵاوسان، خانەوارەکان ناچار بوون بۆ کڕین و دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستییە ڕۆژانەکانیان لە مانگی سەرماوەزدا ٣٧/٤% زیاتر لە مانگی خەزەڵوەر تێچوو بدەن؛ بەم پێیەش نەتەنیا نرخی هەڵاوسان ڕەوتی هەڵکشانی بەردەوام بووە بەڵکوو خێراییەکی زیاتریشی بەخۆوە بینیوە.

سندووقی نێونەتەوەیی دراویش لە دواڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، چاوەڕوانین ئاستی هەڵاوسان لە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ بگاتە ٢٩/٦% و گەشەی ئابووریش بگاتە -١/٥%؛ هەروەها ستیڤ هانکێ ئابووریناسی بەناوبانگی زانکۆی جان هاپکینز، سەبارەت بە نرخی هەنووکەیی هەڵاوسان لە ئابووریی ئێراندا وتوویەتی: نرخی هەڵاوسانی ئەم وڵاتە ١٢ قات زیاترە لەو ڕێژەیە کە دەوڵەت ڕایدەگەیەنێت کە دەکاتە :١١٧%.

پێوەری نرخی کاڵا و شتومەکە مەسرەفییەکان واتە پێوەری هەڵاوسان لە مانگەکانی ڕابردوودا و پاش بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ئەرز و گوشاری نەخدینەیی و کەمی بودجە هاتە ئاراوە؛ ئەگەرچی لێپرسراوانی رێژیم باس لە پلانداڕێژی وردی خۆیان بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم پلان و بەرنامانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و کارناسانیش دەڵێن ئەم ڕەوتە لە مانگەکانی داهاتوودا خێراییەکی زیاتر بەخۆوە دەگرن.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر؛ سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە وەک دەڵێن لە سنووری هۆشداری تێپەڕیوە.