کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسان دووبارە هەڵکشا

11:53 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا نرخی هەڵاوسانی بۆ مانگی خەزەڵوەر بڵاو کردەوە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی پێوەری نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکان، نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی بە ڕێژەی ٣٤/٩% ڕاگەیاند؛ بەم پێیە هەر خانەوارێکی نیشتەجێ لە ئێران بۆ کڕینی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکانیان  ٣٤/٩% زیاتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو تێچوویان هەبووە.

نرخی هەڵاوسان بەپێی ڕاپۆرتی مانگی پێشووی ئەم ناوەندە واتە لە مانگی ڕەزبەردا ٣٢/٨% بووە کە نیشان لە بەرزبوونەوە و هەڵکشانی نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بە ڕێژەی ٢/١% دەدات.

هەروەها نرخی هەڵاوسانی ١٢ مانگی ڕابردوو بریتی بووە لە ١٥/٤% کە بەبەراورد لەگەڵ نرخی هەڵاوسانی مانگی ڕەزبەر ٢/٢% زیادی کردووە.

پێوەری نرخی کاڵا و شتومەکە مەسرەفییەکان واتە پێوەری هەڵاوسان لە مانگەکانی ڕابردوودا و پاش بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ئەرز و گوشاری نەخدینەیی و کەمی بودجە هاتە ئاراوە؛ ئەگەرچی لێپرسراوانی رێژیم باس لە پلانداڕێژی وردی خۆیان بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم پلان و بەرنامانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و کارناسانیش دەڵێن ئەم ڕەوتە لە مانگەکانی داهاتوودا خێراییەکی زیاتر بەخۆوە دەگرن.