کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسان لە ئێران لەو وڵاتانەی کە شەڕی تێدایە خراپترە

11:47 - 4 گەلاوێژ 2721

دۆخی ئابووریی ئێران هەتا ئاستێک قەیرانییە کە نرخی هەڵاوسان لەو وڵاتە لە عێراق و ئەفغانستان خراپترە.

نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا ٣١ بەرابەر لە ئەفغانستان و ٩ بەرابەر لە عێراق زیاترە. ئەو وڵاتانەی کە شەڕی تێدایە دۆخی ئابوورییەکیان لە ئێران باشترە.

بەپێی ئامارەکان نێونجیی نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا لە ٧٦ ساڵ پێش زیاترە.

دەسەڵاتی "حەسەن ڕووحانی" زیاترین گوشاری لە بواری هەڵاوسان بۆ سەر گوندنشینەکان هێنا. لە دەسەڵاتی ناوبراودا نرخی هەڵاوسان لە گوندکاندا گەیشتە ٤٠ لەسەد.

کابینەی "ڕووحانی" ڕێکۆردی لە بواری هەڵاوساندا تۆمار کردووە. نرخی هەڵاوسان لە مانگی پووشپەڕدا گەیشتووەتە ٤٣ لەسەد.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت .

هەڵاوسان دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە وەک دەڵێن لە سنووری هۆشداری تێپەڕیوە.