کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ هەر بنەماڵە لە ئێران ٤٢ لەسەد زیادی کردووە

11:45 - 3 رێبەندان 2721

ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٠، "ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران" ڕاپۆرتێکی نوێی بڵاو کردەوە کە تێیدا نرخی هەڵاوسانی ساڵانە لە بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠ بۆ هەر بنەماڵەیەک لە ئێران ٤٢.٤ لەسەد و نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی بەفرانبار گەیشتووەتە ٣٥.٩ لەسەد.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسانی ساڵانە بۆ بنەماڵە شارییەکان ٤١.٨ و بۆ بنەماڵە گوندنشینەکان ٤٥.٨ لەسەد بووە.

مەبەست لە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە، ڕێژەی گۆڕانی نێونجیی پێوەری نرخ لە یەک ساڵی ڕابردوو بە بەراورد لەگەڵ دەورەی هاوشێوەی پێشووە.

نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیش بە واتای ڕێژەی گۆڕانی ژمارەی پێوەری نرخ بە بەراورد لەگەڵ هەمان مانگ لە ساڵی ڕابردوودایە؛ بەپێی ئەم پێناسەیە هەر بنەماڵە لە ئێران لە بەفرانباری ئەمساڵدا بە شێوەی نێونجی ٣٥.٩ لەسەد زیاتر لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بۆ کڕینی کۆمەڵێک کەلوپەل تێچوویان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی ڕێژیم، نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ بنەماڵە شارییەکان ٣٥.٨ لەسەد بووە و بۆ بنەماڵە گوندنشینەکانیش ٣٦.٥ لەسەد بووە.