کوردستان میدیا: یەکێک لە بەناو نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم وێڕای ڕەدکردنەوەی ئیددعای ٢٠% بوونی هەڵاوسانی ئێران وتوویەتی نەتەنیا ئاستی هەڵاوسانمان زۆرزۆر زیاترە بەڵکوو ڕێکارەکانی دەوڵەتیش هیچ کارێک بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان ناکەن.
سەید قاسم جاسمی بەناونوێنەری کرماشان لە مەجلیسی ڕێژیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "دانشجو" وێڕای ئاماژەکردن بە وادە و بەڵێنییە ئابوورییەکانی دەوڵەت ڕایگەیاندووە: سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ و نیو لە دەسپێکی کاری دەوڵەتی دوازدەیەم، هیچ کام لە وادە و بەڵێنییەکان بەهۆی نەشیاوی و نەبوونی مودیریەتی درووستی دەوڵەت نەهاتوونەتە دی.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بە نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا کردووە و وتوویەتی: ئەگەرچی ناوەندی ئامار ڕایگەیاندووە کە هەڵاوسان لە ئێراندا ٢٠%ە بەڵام من ڕایدەگەیەنم کە ئەم ئامارە درووست نین و نرخی ڕاستەقینەی هەڵاوسان بریتییە لە ٢٠٠%؛ باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە ماشینێک کە ساڵی ڕابردوو بە ٢٠٠ میلیۆن تمەن لە بازاڕدا فرۆشراوە ئەمساڵ بە ٦٠٠ میلیۆن تمەن دەفرۆشرێت.
هەروەها ئاماژەی بە ڕێکارە بێئەنجامەکانی دەوڵەت و یەک لەوان "بەستەی پشتیوانی" کرد و ڕایگەیاند: ئەم پەکەیجانە هیچ دەردێکی خەڵک دەوا ناکەن و تەنانەت ئازاربڕێکی ئاساییش نییە؛ ئەوەیکە دەکرێت تەنیا خۆخڵافاندن و هەوڵدانە بۆ پاک کردنەوەی ئەسڵی مەسەلەکان.