کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی چارەڕەشی لە ئێران بەرزتر بووەتەوە

13:33 - 15 بانەمەڕ 2720

جارێکی دیکەش پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەڵسەنگاندنی پێوەری چارەڕەشی لە ئێراندا بووەنەتە خاوەن پلە کە تەنانەت زیاتر لە نێونجیی تەواو ئێرانە.

دوایین ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران لە نرخی هەڵاوسان و بێکاری کە کۆی ئەم دووە دەبێتە نرخی چارەڕەشی، لە پارێزگاکانی ئێران لە ساڵی ٩٨دا ڕاگەیەندراوە و جارێکی دیکەش پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زۆرترین ئاماریان هەیە.

نرخی چارەڕەشیی وڵات بەپێی دوایین نرخی بێکاری لە زستانی ٩٨ و نرخی هەڵاوسان لە خاکەلێوەی ساڵی ٩٩دا، ٤٢.٨ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

لەو ئامارانەدا پارێزگای "لوڕستان بە نرخی چارەڕەشیی ٥٣.٨ لەسەد" پلەی یەکەم و "پارێزگای سنە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە ٥١.٦" و "چوارمەحاڵ و بەختیاری بە ٤٨.٧" کە زیاتر لە نێونجیی وڵاتن، بە ڕزنەوە پلەکانی دووەم و سێیەمیان هەیە.

پێوەری چارەڕەشی پەیوەندییەکی پێچەوانەی لەگەڵ خۆشبژێویی ئابووری هەیە و چوونەسەرەوەی ئەو پێوەرە لە هەر پارێزگایەکدا نیشاندەری دۆخی نالەباری ئابووریی ئەو پارێزگایەیە.

ئەو ئامارانە نیشان دەدات کە بە سەرنجدان بە دابەزینی توانای کڕینی خەڵک بەنیسبەت زۆربوونەوەی نرخی هەڵاوسان و زۆربوونەوەی هەژاری و بێکاری، ئەو پارێزگایانە زیاتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران دۆخێکی بژێویی ژیانی ناجێگیریان هەیە.

پارێزگاکانی "چوارمەحاڵ و بەختیاری، کرماشان، سنە، سیستان و بەلووچستان، لوڕستان و خووزستان"، زۆرترین نرخی چارەڕەشییان هەبووە کە نیشان دەدات کە دۆخەکە لە پارێزگاکانی نەتەوەکانی نێو چوارچێوەی ئێران زۆر قەیراناویترە.

ڕێژیمی ئیران بەردەوام و بە شێوەی سیستماتیک سەرجەم مافەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی پێشێل کردووە و زۆربوونی نرخی چارەڕەشی لەو پارێزگایانەدا هەوڵێکە بۆ لە هەژاریدا هێشتنەوەی خەڵکی ئەو پارێزگایانە.