کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کرێ تاکسی دیسان بەرز بووەتەوە

10:58 - 25 خەزەڵوەر 2721

لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێران نرخی کرێ تاکسی بەهۆی هاتنی وەرزی سەرما و دەورلێدانەوەی زیاتری ماشینەکان و تێچووی زیاتری بێنزین، نرخی کرێ تاکسی گرانتر بووەتەوە.

"مورتەزا زامنی" بەڕێوبەری گشتیی یەکیەتیی تاکسیڕانانی ئێران وتوویەتی: "بەرزبوونەوەی نرخی کرێ تاکسی بۆ هەڵاوسانی بەردەوام و گرانیی کەلوپەلەکان دەگەڕێتەوە".

ساڵانە نرخی هەڵاوسانی گونجاوی کرێ تاکسی بۆ شورای شارەکان دەنێردرێت و پاشان کە لەلایەن فەرمانداری پەسەند کرا، نرخەکان بە یاسایی دەکرێن و ئەگەر بارودۆخ گونجاو بێت تەنیا یەک جار نرخەکان بەرز دەبنەوە.

"زامنی" زیادی کرد: "ئێستا لەگەڵ گۆرانکاریی بەردەوامی نەرخەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارچەکانی ماشین بگرە تا کەلوپەلی سەرەتایی ژیان بەرەوڕووین و بەو پێیە نرخەکان گران دەبن".

نرخی گرانیی کەلوپەل و خواردەمەنییەکانی سەرەتایی ژیان تەنگی بە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران هەڵچنیوە و بەرزبوونەوەی ڕۆژبەڕۆژی نرخی ئەو پێداویستییانەی ژیان زیاتر گوشار دەخاتە سەر دەروون و ژیانی خەڵک کە لێکەوتەکانی خۆکوژی، گەندەڵی، تێکدانی شیرازەی بنەماڵەکان و دەیان ئاریشە و بابەتی کۆمەڵایەتیی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.