کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کرێی تاکسی لە شاری سنه گران بووە

12:22 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نرخی کرێی تاکسی لە شاری سنه، هاوکات لەگەڵ دەسپێکردنی مانگی کۆتایی ساڵ و کڕینە نەورۆزییەکانی خەڵک، گران بووە.

ئەمیر جەمشیدنژاد بەرپرسی ڕێکخراوی گواستنەوەی بار و موسافێری شارەوانیی سنه، باسی لە گرانبوونی نرخی کرێی تاکسی لە شاری سنە، لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەوە کردووە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: گرانبوونی نرخی کرێی تاکسی هەموو ساڵێک ئەنجام دەدرێت .

جەمشیدنژاد لە قسەکانیدا، زۆرترین نرخی دیارکراوی کرێی تاکسیی بۆ مەوادی نێوان سێڕێیانی نمەکی تا دگەران و هەروەها دەوری مەیان هەتا نایسەر ڕاگەیاندووە که بووەتە ١٥٠٠ تمەن.

کەمترین نرخی کرێی دیاریکراویش بەپێی نرخە تازەکان، بۆ کۆتاییی شەقامی غەفوور و شەریفاوا بووە کە ٨٠٠ تمەنە.

گرانبوونی نرخی کرێی تاکسی لە کۆتاییی ساڵدا و لە کاتێکدا ڕووی داوە، کە خەڵک لە دۆخی ئابووریی نالەباری ژیان و گرانی شتومەکە سەرەتایییەکان دەناڵێنن؛ لە لایەکی تریشەوە، لە مانگی کۆتاییی ساڵدا هاتووچۆی خەڵک بە مەبەستی دابینکردنی پێویستییەکانی نەورۆز زیاد دەکات، هەر بۆیە خەڵک تووشی تێچووی دارایی چەند قات زیاتر به نیسبەت مانگەکانی ڕابردوو دەبن.

ساڵی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ گرانبوونی نرخی کرێی تاکسی، خەڵک بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە شاری سنه هاتنه سەر شەقام و لە هەمبەر گرانی و دۆخی نالەباری ئابووری، دەستیان دایە مانگرتن؛ هاوکات شۆفێرەکانیش به نیشانەی ناڕەزایەتی به گرانیی پێداویستییەکانی تاکسی و گرانیی بەنزین مانیان گرت و لە سوارکردن و گواستنەوەی موسافیرەکان خۆیان بوارد.