کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی کەلوپەلەکانی بیناسازی ٧٠% زیادیان کردووە

11:27 - 3 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: ئەندامێکی مەجلیسی ڕێژیم وێڕای وەدرۆخستنەوەی ئامارە بڵاوبووەکان لەلایەن ناوەندی ئامارەوە ڕایگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلەکانی بیناسازی بەپێچەوانەی ئیددعاکانی ناوەندی ئامار، ٧٠% زیادیان کردووە...

مەجید کیانپوور ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاوەدانی مەجلیسی ڕێژیم لە لێدوانێکدا وێڕای ڕەتکردنەوەی ئامارەکانی ناوەندی ئامار کە ڕایگەیاندبوو نرخی کەلوپەلەکانی بیناسازی تەنیا ١٧% زیاد بوون، وتی: بەرزبوونەوەی نرخەکان لەم بیاڤەدا سنووری ٧٠%ی تێپەڕاندووە..

بەوتەی ناوبراو گرانبوونی نرخی کەلوپەلەکان لەم بیاڤەدا کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و بازاڕ هەیە بەچەشنێک کە لانیکەم ٣٢٠ پیشە بەشێوەی ڕاستەوخۆ دەکەونە ژێر کاریگەری ئەم گرانییە و چەندین پیشەی دیکەش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ زەرەرمەند دەبن.

کیانپوور وتوویەتی: نەبوونی چاودێری بەسەر کەرتی خانووبەرە بووەتە هۆی ناتوانایی لە کۆنترۆڵ کردنی بازاڕ و نرخەکان بەمشێوەیە بەرز دەبنەوە، کە ئەگەر دەوڵەت و لایەنە پێوەندیدارەکان گرانی لەم بیاڤە بە جیددی وەرنەگرن لە داهاتوودا پارامێتری "ڕێکخستنی نرخ لە بازاڕ" دەبێتە بوارخۆشکەر بۆ کێشە وگرفتی زیاتری ئابووری کە ئەو کاتەش زۆر درەنگە!