کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گازی cng لە ئێراندا لەڕادەبەدەر هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە

13:22 - 31 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لەگەڵ گرانبوونی نرخی شمەکی بازاڕەکانی ئێران، نرخی گازی cngـیش بە ڕێژەیەکی بەرچاو و خێرا ڕووی لە هەڵکشانە و لە مانگی جۆزەرداندا، زیاتر لە ۳۲ لەسەد گرانتر دەبێت.

جیا لەوەی کە بە هۆی گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، نرخی شتومەکەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ ڕوویان لە هەڵکشانە، ئێران لە بواری سەرچاوە سروشتییەکانەوە بە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و پڕبەهرە هەژمار دەکرێت و ئەندامی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ئۆپێکه، بەڵام هاوکات لەگەڵ چوونەسەرەوەی نرخی بازاڕەکان، نرخی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین و گازی cng ڕووی لە هەڵکشانێکی بەرچاو و خێرایە کە ئەمەش دوورە لە چاوەڕوانییە.

لەم بارەوە، سەڕای ئەوەی کە پێشتر هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندبوو، لە مانگی جۆزەرداندا، نرخی گازی cng لە سەرتاسەری ئێراندا ۹.۵ لەسەد گران دەبێت، ڕۆژی دووشەممە، ۳۰ی بانەمەڕ، "ئەردەشێر دادڕەس"، بەرپرسی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفیی گازی cngـی وڵاتی ئێران، ڕایگەیاندووە، کە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە نرخی گازی cng زیاتر لە ۳۲ لەسەد گرانتر دەبێت.

ناوبراو لە سەر چونیەتی گرانبوون و هەڵکشانی نرخی گازی cng، بە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ڕایگەیاندووە؛ بڕیارە لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە نرخی گازی cng زیاتر لە ۳۲ لەسەد گرانتر ببێت، کە ۱٤ لەسەدی هی ساڵی ڕابردووە (۹۷ی هـ) و ۱۸ لەسەدیشی بۆ ساڵی ۹۸ی هەتاوییە. ئەم بڕیارە ڕۆژی شەممە، ۲۸ی بانەمەڕ، بە کۆمپانیا ناوچەییەکانی گاز ڕاگەیەندراوە و لە ڕۆژی یەکەمی مانگی جۆزەردانەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کاتێکدا کە پێشتر هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیمی ئێران، بڕیارنامەی گرانبوون و هەڵکشانی نرخی گازی cngـیان ‌پەسەند و ڕەوانەی ناوەندە جێبەجێکارییەکانی ڕێژیمیان کردبوو، کە بەپێی ئەو بڕیارنامەیە بڕیار بوو لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە گازی cng لە سەرتاسەری ئێراندا  ۹.۵ لەسەد گران ببێت، بەڵام هەیئەتی سێنفیی گازی cngـی ڕێژیم، بڕیارنامەکەی هەیئەتی وەزیرانی خودی ئەو ڕێژیمەی پێشێل کردووە و بڕیاری ۳۲ لەسەد گرانبوونی نرخی گازی cng ڕاگەیاندووە.

وێڕای ئەوەی کە، "ئەردەشێر دادڕەس"، ۱٤ لەسەد گرانبوونی نرخی گازی cng بۆ ساڵی ڕابردوو (۹۷) دەگەڕێنێتەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ۱۲ی ڕەشەمەی ۱۳۹۷ی هەتاوی، نرخی هەر مێترێکی چوارگۆشەی گازی cng لە ئێراندا، لە ٤۱٤ تمەنەوە بۆ ٤۵۳.۲ تمەن هەڵکشا و ئەم نرخیەش لە لایەن هەیئەتی وەزیرانی ڕێژیمەوە پەسەند و لە ڕۆژی شەممەی ۲۵ی هەمان مانگدا ڕەوانەی وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی (صنعت و تجارت)، ڕێکخراوی میللیی ستاندارد و ڕێکخرای بەرنامە و پلاندانانی ڕێژیمی ئێران کراوە و چووەتە بواری جێبەجێکردن.