کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گۆشتی سوور لە ئێران بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە

12:36 - 23 رەشەمه 2720

''مەنسوور پوریان'' بەرپرسی شورای دابینکردنی پاتاڵ، بەنیسبەت گرانبوونی نرخی گۆشتی گوێلک لە ئەمساڵدا وتوویەتی: "لە خاکەلێوەی ساڵی ٩٩ هەتا کۆتایی ساڵ بەهۆی هەڵاوسان، گرانبوونی تفاقی ئاژەڵان و بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سووری هاوردەکراو، نرخی گۆشتی گوێلک چەندین جار گران بووە".

ناوبراو لە حاڵێکدا وتوویەتی کە نرخی کڕینی گۆشتی ئاژەڵ لە ئاژەڵداران هەتا ٥٠ هەزار تمەنە و نابێ گۆشتی سوور کیلۆیەک بە ١٠٠ هەزار تمەن بفرۆشرێت، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخی گۆشتی سوور بە ١٢٠ هەزار تمەنە.

به‌هۆی گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی داهات، ‌ئه‌و خواردنه‌ له‌سه‌ر سفره‌ی هاووڵاتییانی چینی مامناوه‌ندیش نەماوە.

لە حاڵێکدا کە زۆرینەی خەڵکی ئێران کە لە ئێستادا توانای کڕینی گۆشتی سووریان نییە، خۆراکییەکانی دیکەی وەکوو ‌مریشک كه‌ خه‌ڵک به‌هۆی نرخه‌كه‌یه‌وه‌ له‌بڕی گۆشتی سوور ده‌یانكڕی، بە ڕادەیەک گران بوونە و تەنانەت بۆ دابینکردنی، خەڵک دەبێ لە سەفی دوورودرێژدا ڕاوەستن.