کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گۆشتی مریشک بەرز بووەوە

10:42 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نرخی گۆشتی مریشک لە ئێراندا بۆ ١٧هەزار تمەن بەرز بووەوە.

لەبەرەبەری هاتنی نەورۆز و ساڵی تازەدا، هەواڵدەریی حکومەتیی "ئیلنا" لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا، بڵاوی کردەوە، کە نرخی گۆشتی مریش بۆ ١٦هەزار و ٩٠٠ تمەن بەرز بووەتەوە.

بەهۆی چوونەسەری نرخی گۆشتی سوور، ماسی و هێلکە بەشێوەیەکی بەرچاو، کە بە قسەی کاربەدەستانی ڕێژیم نرخیان بە ڕێژەی ٩٦ لەسەد بەرز بووەتەوە، بەشی زۆری خەڵک توانای کڕینی ئەمانەیان نییە و ڕوویان لە کڕینی گۆشتی مریشک کردووە، بەڵام بەهۆی زۆری خواستی کڕین، نرخی گۆشتی مریشک بۆ ئەم ئاستە بەرز بووەتەوە.

بەم شێوەیە بێت، لە ڕۆژانی نەورۆزدا بەشێکی زۆری خەڵکی ئێران توانای کڕینی گۆشتی مریشکیان نابێت و ئەگەری ئەوە هەیە، کە ئەم نرخە لەمەش زیاتر بەرز ببێتەوە.

کاربەدەست و بەرپرسانی ڕێژیم کە بەشێوەیەکی بەردەوام لێدوانی ئەوە دەدەن، بۆ جێژنی نەورۆز و ساڵی تازە کەلوپەل و خۆراکی پێویست بخەنە بازاڕەکانەوە، بەڵام ئاماری بازاڕ و نرخەکانی خۆراک ڕاستییەکان بەشێوەیەکی پێچەوانە باس دەکەن.

لەدوای وەگەڕخستنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵک بە شێوەیەکی زۆر زیاتر لە جاران خراپ بووە و خەڵکی لە ئێستادا ژیانێکی بژی و مەمرە بەڕێ دەکەن.