کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گەشەی حەشیمەت لە ئێراندا دابەزیوە

10:37 - 18 خاکەلێوه 2721

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕێکاریی حەشیمەت وتوویەتی کە لە ساڵی ٩٩دا نرخی گەشەی حەشیمەت دابەزیوە بۆ ٠.٦ لەسەد و ئەوە کەمترین ڕێژەی گەشەیەکە کە لە مێژووی ئێراندا تۆمار کراوە.

"ساڵح قاسمی" سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕێکاریی حەشیمەت ڕایگەیاندووە لە ساڵی ٩٨دا نرخی گەشەی حەشیمەت لە ئێراندا نزیکەی ٠.٩٥ لەسەد بووە و ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ٩٩دا دابەزیوە بۆ ٠.٦ لەسەد کە بۆ یەکەم جارە ئاستی گەشەی حەشیمەت تا ئەو ڕادەیە دادەبەزێت.

ناوبراو وتوویەتی ئەمە زەنگێکی مەترسییە و هۆکاری زۆر وەکوو ئابووری و فەرهەنگی و هەروەها نەخۆشی کۆرۆنا بوونەتە هۆی بەدیهاتنی ئەو دۆخە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە نرخی دووگیانی لە ئێراندا گەیشتووەتە کەمتر لە ١.٦ منداڵ لەباتیی هەر ژنێک؛ کە وڵاتی ئێمە لەم بوارەشدا خەریکە ڕێکۆرد لێ دەدات.

دۆخی ئابووری، بێکاری و هەژاری و چەندین بابەتی دیکە هۆکارن تا بنەماڵەکان بیری منداڵ‌هێنان نەکەنەوە و هەر ئەمەش دەبێتە هۆکار تا ئاستی گەشەی حەشیمەتی وڵاتێک دابەزێت.