کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی یەک کیلۆ "پەتاتە" هەتا حەوت هەزار تمەن بەرز بووەوە

18:47 - 20 خەزەڵوەر 2721

"ئەکبەر یاوەری" ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەرایەتیی یەکیەتیی بارفرۆشانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، نرخی یەک کیلۆ پەتاتە هەتا حەوت هەزار تمەن بەرز بووەوە.

پێشتر یەک کیلۆ پەتاتە لە مەیدانەکانی میوە و تەڕەباری ناوەندی، بە نرخی دو هەتا سێ هەزار تمەن بە کڕیاران دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا ئەو نرخە گەیشتووەتە شەش هەتا حەوت هەزار تمەن.

"ئەکبەری" وتوویەتی، هۆکاری گرانبوونی پەتاتە لە وەرزی پاشکەوتی ئەو بەرهەمە ئەوەیە کە پەتاتە هەناردە دەکرێت و لە ئەگەری ئەوەیکە پێش بە هەناردەکردنی نەگیرێت، گرانتریش دەبێت.

ناوبراو وتوویەتی، ساڵانە ١٨٠ هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئێران پەتاتەیان تێدا دەچێندرێت و نزیک بە پێنج ملیۆن تۆن بەرهەمی لێ هەڵدەگیرێتەوە.

ساڵانە سێ و نیو ملیۆن تۆن پەتاتە لە نێوخۆ بەکار دەهێنرێت و دەبێ یەک و نیو ملیۆن تۆنیش هەناردە بکرێت، بەڵام ئێستا کاتێکی گونجاو بۆ هەناردەکردنی پەتاتە نییە.