کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزار زەکا: سپای تێرۆریستی پاسداران لە زینداندا ئەشکەنجەیان کردم

12:34 - 23 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: "نزار زەکا"، هاووڵاتیی لوبنانی کە ئیقامەی ئامریکای هەیە و ماوەی چوار ساڵە لە زیندانی ڕێژیمدا بووە، ئازاد کراوە و باس لە ئەشکەنجەکانی نێو زیندانەکانی ئێران دەکات.

ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی جۆزەردان، "نزار زەکا"، هاووڵاتیی لوبنانی کە بە بانگهێشتی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەم وڵاتە سەفەری کردبوو و ماوەی چوار ساڵە لە زیندانی ڕێژیمدایە، ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لوبنانییە داوای لە سەرکۆماری ئامریکا کردووە کە هەوڵ بدات زیندانییە ئامریکاییەکانی گیرۆدە لە ئێراندا ڕزگار بکات، چونکە دۆخیان لە زیندانی ڕێژیمی ئێراندا هیچ باش نییە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە: "هیچ کەسێک لەسەر گۆی زەویدا نابێت ئەو ڕەنجەی کە من کێشاومە و دیلەکانی تری دەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیکێشن، تەحەمول بکەن."

ئەم پسپۆڕەی کامپیۆترە کە بە داخوازیی ڕێژیمی ئێران و بۆ وتاربێژی لە کۆنفڕانسێکدا بۆ تاران سەفەری کردبوو، مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٤ دەسبەسەر و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی ئامریکا"، بە ١٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

ناوبراو هەروەها ئاشکرای کردووە کە لە زینداندا ئەشکەنجە کراوە و مەئموورانی سپای تێرۆریستی پاسداران پێی ڕاگەیاندوون: "ئێران لە کونترۆڵی ئێمەدایە و ئێمە بڕیاردەرین و ئێمە دادوەر و هەمە کارەی ئەم وڵاتەین."