کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"نزار زەکا" زیندانیی پێشوو لە ئێران: سپا بەنیازە کەسانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران فریو بدات

11:32 - 2 سەرماوەز 2721

"نزار زەکا" زیندانیی پێشوو لە ئێران، سەبارەت بە قسەکانی "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" بەنیسبەت نیگرانیی ناوبراو بۆ کەسانی خاوەن دووڕەگەزنامە وتوویەتی: "وا وێدەچێت کە ڕێژیمی ئێران بەنیازە کەسانی خاوەن دوو ڕەگەزنامە بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران فریو بدات؛ ئەوە هۆشدارییەک بێت کە نەگەڕێنەوە بۆ ئێران".

"ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران پێشتر وتبووی: "کەسانی خاوەن دووڕەگەزنامە کە لە ترسی دەسبەسەرکردن لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئێران ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ نێوخۆ، لە حەوتووی داهاتوودا ماڵپەڕێک بۆ زانیاری وەرگرتن لەو کەسانە لە کاتی هاتوچۆدا وەگەڕ دەخەین کە بتوانن بێ کێشە هاتوچۆ بکەن".

"زەکا" لەهەمبەر قسەکانی ناوبراو وتوویەتی: "ئێوە چ گەرەنتییەک دەکەن کە ئەو کەسانە لە کاتی گەڕانەوەدا دەسبەسەر نەکرێن، ئەو کات کە ئێوە منتان بانگهێشت کرد و منتان دزی، ئێوە لە وەزارەتی دەرەوەدا کارتان دەکرد".

لە ئێستادا چەند ئێرانیی خاوەن دوو ڕەگەزنامە لەوانە: "نازەنین زاغری، ئەنووشە ئاشووری، ناهید تەقەوی، سیامەک نەمازی، فەریبا عادڵخا و ئەحمەد جەلالی" لە کاتی گەڕانەوە بۆ ئێران دەسبەسەر و زیندانی کراون.

"نزار زەکا" چالاکی بواری ئازادیی ئینتێرنێتە و لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ٩٨دا دوای سێ ساڵ زیندان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ئازاد کرا و نێردرایەوە لوبنان.