کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزمبوونەوەی ئاستی مووچە، زۆربوونی ڕێژەی هەژارانی بەدواوە دەبێت

13:40 - 19 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە مانگی سەرەتای ساڵی ٩٨دا، هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ، ڕێکۆردی شکاند؛ هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، سنووری ٤/٥١ لەسەدی تێپەڕ کرد.

بە پێی ئەم ئامارە، لە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ، لە مانگی یەکەمی ساڵدا، هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیان لە بەراورد لەگەڵ مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا، دەبێت ٤/٥١ لەسەد تێچووی زیاتر سەرف بکات.

نرخی ٤/٥١ لەسەد، پێوەندی بە هەڵاوسانی گشتییەوە هەیە، بەڵام لە بەشی خوراکەکاندا بەرزبوونەوەی تێچووی پێداویستییەکان زۆر زیاتر لەم نرخەیە. نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی خوراک و خواردەمەنییەکان لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا، گەیشتووەتە ٤/٨٤ لەسەد و نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی سەوزە، میوە و گۆشتی سوور، زیاتر لە ١١٠ لەسەد تۆمار کراوە.

بەپێێ ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاماری رێژیم، نرخی هەڵاوسانی گشتیی ئێران، زیاتر لە ٣٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

لێکدانەوەی ئامارەکان سەبارەت بە گوزەرانی کرێکاران، بەباشی سەختی گوزەرانی ژیانی ئەم توێژەی کۆمەڵگا دەردەخات؛ ئامارەکان نیشان دەدەن کە بنەماڵەیەکی کرێکار بە لانیکەم مووچەی ئەم ساڵەوە کە تەنیا ٥/٣٦ لەسەد زیاد بووە، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا بە نیسبەت خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، دەبێت ١١٠ لەسەد زیاتر بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی خواردنێکی تەندروست واته سەوزە، میوە و گۆشت پارە خەرج بکات. ئەمە لە حاڵێکدایە کە مووچەی کرێکارێکی سادە تەنیا ٥/٣٦ لەسەد زیادی کردووە و تێچووی باقی خوراکەکانیش زیاتر لە دوو قات زیادی کردووە.

ئێحسان سوڵتانی، کارناسی ئابووری، سەبارەت بە کاریگەریی نەرێنیی شۆکی ئەرزی لەسەر ژیانی چینی مامناوەندی کۆمەڵگای ئێران وتوویەتی: زۆربوونی مووچەی چینی مامناوەند لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵدا تێک دەچێت، لە وەرزی بەهاردا، زۆربوونی مووچەکانی ساڵی ٩٨ بە زۆرکردنەوەی نرخەکان قەرەبوو دەبێتەوە  ولە وەرزی هاویندا و هەروەها لە نیوەی دووهەمی ساڵدا، ئاستی بژێوی چینی مامناوەند بەرەو نزمبوون دەچێت. کە ئاکامەکەشی دەبێتە هۆی زۆربوونەوەی میلیۆنیی ئەو کەسانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.