کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٥٠ شوێن لە سووریە لە ساڵی ٢٠٢٠دا کراوەتە ئامانجی هێرشی هەوایی ئیسرائیل

13:06 - 13 بەفرانبار 2720

ئیسرائیل لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا هێرشی کردووەتە سەر ٥٠ شوێن لە سووریە.

ماوەیەک لەمەوپێش ئیسرائیل وتبووی، پێش بە دزەکردنی ئێران لە ناوچە بەتایبەت لە سووریە دەگرێت.

بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریە بووەتە هۆکاری پێشگرتنی جموجۆڵی ئێران لە ناوچەدا.

بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام دروشمی سڕینەوەی ئیسرائیل دەدەن و لەمبارەوە ماوەیەک لەمەوپێش "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان" وتەبێژی ستادی " قاسم سلێمانی" وتبووی: "زۆربەی شەوەکان قاسم سلێمانی دێتە خەوی دۆستان و نەخشەڕێگای بەڕێوەبردنی عەمەلیات دژی ئیسرائیلیان پیشان دەدا".

ئیسرائیل چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی سووریە، هەڕەشەی جیددییە بۆ سەر ئیسرائیل و هەموو کاتێک گرووپە تێرۆریستییەکانیان کردووەتە ئامانجی.

لەو هێرشانەدا هەتا ئێستا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانی بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گەیشتووە.