کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ٢٠ هەزار پەرەستار لە ئێراندا بێکارن

12:38 - 14 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای پێویستیی بەرچاوی نەخۆشخانەکان بە کادری پەرەستاری لە ئێراندا، زیاتر لە ٢٠ هەزار پەرەستاری دەرچووی زانکۆ بێکارن.

بەرپرسی خانەی پەرەستاریی ڕیژیم، "محەمەد شەریفی‌موقەدەم"، لە وتوویژێکدا لەگەڵ یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی ڕیژیم، باسی لەوە کردبوو کە کەمبوونی هێزی پەرەستاری لە ناوەندە دەرمانییەکاندا، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بەداخەوە وەزارەتی بێهداشت، توانای وەرگرتنی پەرەستاری وەک هێزی مرۆیی نییە و کۆمەڵێک پەرەستاری دەرچووی زانکۆ لە هەموو ئێراندا، چاوەڕێی کارن."

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە، ئێران لە ڕووی هێزی پەرەستارییەوە، دەچێتە ڕیزی وڵاتانی دواکەوتووەوە، بە جۆرێک کە لە وڵاتانی ئورووپاییدا، لە باتی هەر هەزار کەس، ١٠ کادری پەرەستاری هەیە، کە نێونجییە جیهانییەکەی لە باتی هەر هەزار کەس، ٦ پەرەستارە.

لە وڵاتی ئێراندا، ئەم ڕێژەیە زۆر لە خوارەوەیە، کە لە باتی هەر هەزار کەس تەنیا ١.٥ کەس هێزی پەرەستاری هەیە و ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٢٠ هەزار هێزی پەرەستاری لەو وڵاتەدا بێکارن.

کەمبوونی هێزی پەرەستار، کێشەیەکی جیددییە کە نەتەنیا بەرۆکی بیمارستانەکان، بەڵکوو بەرۆکی خەڵکیش دەگرێتەوە و ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە کە خزمەتگوزاریی دەرمانیی پێویست لە خزمەت دانیشتوواندا دابنێت، کە بە پێچەوانەوە لە لایەن دەسەڵاتەوە هیچ ئاوڕێکی جیددی لەو بابەتە نادرێتەوە.