کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک بە ١٦٠٠ کچی منداڵ لە هەمەدان لە ساڵێکدا بەشوو دراون

16:21 - 10 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی دادوەریی ڕێژیم لە هەمەدان، باسی لە بەشوودانی ١٥٩٦ کچی ژێر ١٥ ساڵ لە ساڵی ڕابردوودا کردووە.

سەعید گوڵستانی، جێگری پێشگیرتن لە ڕوودانی تاوانی دادوەریی هەمەدان وتوویەتی: لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، ١٥٩٦ کچی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ، لە هەمەداندا بەشوو دراون، کە لەو ڕێژەیەش ٦٠ حاڵەتیان لەگەڵ تەڵاق و جیابوونەوە ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

ناوبراو، هۆکاری باوی ئەم دیاردەیەی بۆ زۆرەملێیەکان و خووە کەلتوورییەکان بەتایبەت لە لای خەڵکی گوندەکانەوە گەڕاندووەتەوە.

هەواڵدەرییەکی ڕێژیم لە زاری ئەو بەرپرسەی ڕێژیم نووسیویەتی: "باو نییە کە لە گوندەکانی دیکەوە بۆ خوازبێنیی بچن بۆ گوندەکانی دیکە و بەم هۆیەوە کچان لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا بەزۆر بەشوو دەدرێن و ئەگەر لەو تەمەنە تێپەڕێت کەس بۆ داواکارییان نایەت.

ناوبراو، هەروەها ئاماژەی بە ئاماری کەمیی تەڵاق و سازانی زیاتری منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ کردووە و وتوویەتی: "٣٨٠٠ هاوسەرگیریی نێوان تەمەنەکانی ٢٤ تا ٢٩ ساڵ کە لە هەمەداندا کراوە، ٨٠٠ حاڵەتیان تووشی جیابوونەوە بوونە، لە حاڵێکدا کە لە ١٦٠٠ حاڵەت هاوسەرگیریی ژێر تەمەن ١٥ ساڵ ٦٠ حاڵەت جیابوونەوە ڕووی داوە.

ئەم قسەنەی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە هەمەدان، بەڕوونی پەرەپێدانی کەلتووری منداڵ هاوسەرییە و بە هێنانەوەی ئامارگەلێک بۆ نیشاندانی سەرکەوتووبوونی ئەو هاوسەرگیرییانە و نەشیاویی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرانبەر ئەو دیاردەیەدا و پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەو کەمتەرخەمی و نابەرپرسایەتییە.