کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک لە ٣٠ لەسەد لە خەڵکی ئێران ژیان لە وڵاتی خۆیان پێ خۆش نییە

13:28 - 21 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپرسییەک یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران بە هۆی دۆخی خراپی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی حەز ناکەن لە وڵاتی خۆیان ژیان بەسەر ببەن.

''جەوادی یەگانە''، جێگری فەرهەنگیی شارەداریی تاران و مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی تاران باسی لەوە کردووە: بەپێی لێکۆڵینەوە دۆخی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ئێخلاقی کۆمەڵگای ئێران، دەرکەوتووە کە ٢٩.٨ لەسەد لە خەلکی ئێران حەز دەکەن کە لە وڵاتێکی دیکەدا ژیان بەسەر ببەن.

دۆخی خراپی مافی مرۆڤ، هەڕەشە لەسەر ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خەڵکی ئێران و نەتەوە و کەمایەتییەکانی دیکە و هەروەها گوشار و نانەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، ژیانی هاووڵاتییانی ئێران تووشی مەترسی کردووە.

هەروەها ڕۆژبەڕۆژ دۆخی ئابووریی خەڵک بە هۆی سیاسەتەکانی کاربەدەستان و ڕێژیمی ئێران خراپتر دەبێت و سفرەکانیان بچووکتر و برسیتر دەبن، بە جۆرێک ڕۆژانە نرخی خوراک و کەلوپەل بەرز دەبێتەوە و داهاتی خەڵک کەمتر دەبێتەوە. 

بە هۆی دۆخی نالەباری ئابووری، نەبوونی دەرفەتی کار، هەژاری، گرانی و بێهیوایی بە داهاتوو بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران حەز ناکەن لە ئێراندا ژیان بەسەر ببەن.