
نزیکەی ١٠٠ سینەماکار لە ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردان لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە چەکەکانیان دابنێن و کۆتایی بە سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بێنن.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە وتوویانە: ''لە ئێستادا کە توڕەیی و بێزاریی خەڵک لە گەندەڵی، دزی، ناکارامەیی، سەرکوت و خەفەقان شەپۆلێکی هاوپێوەندی و پێکەوەبوونی خەڵکی بەدواوە بووە، هەموو ئەو کەسانەی کە لە ناوەندە نیزامییەکان بوونەتە هۆکاری سەرکوتی خەڵک، داوایان لێ دەکەین چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە باوەشی خەڵک''.
ئەو بەیاننامەیەی سینەماکاران لە دوای ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان بووە کە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لە چەندین شاری ئەلئەحواز و ئێران لێ کەوتووە و لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هێرشیان کراوەتە سەر.
لە ڕووداوی ڕووخانی بینای مێترۆپۆلی ئابادان هەتا ئێستا ٣١ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٣٨ کەسیش هەروا بێسەروشوێنن.