
لەنێوان ٥٠ هەتا ٨٠ لەسەدی دەشتەکانی ئێران مەترسیی ڕۆچوونیان لەسەرە. پارێزگاکانی تاران، کرمان و دەشتەکانی مەشهەد و ئیسفەهان لەو ناوچانەن کە بەتوندی لەگەڵ ڕۆچوونی زەوی بەرەوڕوون.
وشکەساڵی، هەڵێنجانی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی و سیاسەتە دژە ژینگەییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕۆچوونی زەوی لە دەشتەکانی ئێرانن.
ڕۆچوونی زەوی لە ئیسفەهان گەیشتووەتە قۆناغی قەیرانی و وێڕای بینا مێژووییەکان، ناوچەکانی تری نیشتەجێبوونی خەڵک مەترسییان لەسەرە.
وێڕای وشکەساڵی و هەڵێنجانی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوی، ڕاگرتنی ئاوی "زایەندەڕوود" لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕۆچوونی زەوییە لە ئیسفەهان.
لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆچوونی زەوی لە ئێران، کارناسان هۆشدارییان داوە کە دەرفەتێکی زۆر بۆ قەرەبووکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ڕۆچوونی زەوی نەماوەتەوە.