کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیکەی ٣٠ هێکتار لە زەوی کشتوکاڵییەکانی گوندی "ئازاد"ی مەهاباد سووتا

12:30 - 5 پووشپەڕ 2721

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەی زەویی کشتوکاڵییەکانی گوندی ''ئازاد'' سەر بە ناوچەی مەحاڵی مەهاباد، نزیکەی ٣٠ هێکتار گەنم لە ئاگردا سووتا.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە نزیکەى مانگێکە خەڵک و جوتیاران لەسەر کارەساتى لەم شێوەیە هۆشداریی دەدەن،  بەڵام گرینگی پێنەدانی بەرپرسانى ڕێژیم لەو شارە بووەتە هۆى سووتانى ئەو زەوییانە.

هەموو ساڵێک بە هاتنی وەرزی گەرما سەدان هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکانی کوردستان  ئاگریان تێبەر دەدرێت کە بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە ژینگە و سروشتی کوردستان لەنێو چووە.

بەشێکی زۆری ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە ڕاستای سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستاندایە کە زەرەر و زیانێکی بەرچاوی به ژینگەی کوردستان و خەڵکی ناوچەکە گەیاندووە.