کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نهێنیی چالاکییه ناوکییەکانی ئێران زیاتر ئاشکرا دەبێت

13:18 - 19 جۆزەردان 2721

ڕێژیمی ئێران لە نزیک شاری "جاجروود" لە دامەزراوەی "سەنجریان" خەریکی چالاکیی نهێنیی ناوکییە کە دژی بڕیارنامەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییە.

هەواڵدەریی "فاکس نیووز" بەپێی هەندێک بەڵگە بڵاوی کردووەتەوە کە ئێران لە دامەزراوەیەکی شاراوە لە "سەنجریان" خەریکی چالاکیی گوماناویی ناوکییە.

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدا بووە کە ئەو دامەزراوەیە بە شاراوەیی بهێڵێتەوە.

ئەو دامەزراوەیە ٣٦١ فەرمانبەری هەیە و لە ٤٠ کیلۆمەتریی تاران هەڵکەوتووە و لەلایەن "مووساد"ی ئیسرائیلەوە ئاشکرا کراوە.

لەو دامەزراوەیەدا ڕێژیمی ئێران خەریکی بەرهەمهێنانی کەرەستەی تایبەت بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی بووە.

چەند ڕۆژ پێش "ڕافائێل گرۆسی" بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی ڕایگەیاندبوو کە ئێران وڵامی پرسیارەکانی ئێمە لەبارەی چالاکییە ناوکییەکانی نەداتەوە.

ئاژانسی وزەی ناوکی بڵاوی کردبووەوە کە ئێران ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی خەریکی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بووە.

وێڕای بوونی گوشارێکی قورسی ئابووری لەسەر ئێران، ڕێژیم چالاکییە ناوکییەکانی درێژە پێ دەدات؛ ئەمە لەحاڵێکدایە کە گرینگترین هۆکاری ئەم گەمارۆیانەی ئێستا لەسەر ئێران، چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسدارانە.