کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوروێژ/ بەڕێوەچوونی سمینارێک سەبارەت بە نەتەوەکانی ئێران

16:01 - 14 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کاری نوروێژ سیمینارێکی هاوبەشیان لەسەر پرسی نەتەوەکانی ئێران پێکهێنا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٢ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، حیزبی کاری نوروێژ و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سیمینارێکی هاوبەشیان لەسەر پرسی نەتەوەکانی ئێران لە شاری ئوسلۆی پێتەختی وڵاتی نۆروێژ پێکهێنا.

لەسەرەتای ئەم سمینارەدا، ماریت نیباک، جێگری سەرۆکی پارلمانی نوروێژ و ئەندامی رێبەریی حیزبی کاری نوروێژ وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربوان، کورتەیەکی لەسەر گرینگیی پرسی نەتەوەکان لە ئێران بۆ حیزبی کاری باس کرد.

پاشان، لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی ئەو حیزبە باسێکی لەسەر رەوشی ئێستای نەتەوە بندەستەکانی ئێران پێشکەش کرد و هەروەها خوێندەنەوەی حیزبی دێموکراتی سەبارەت بە رۆڵی ئەرێنیی رێژیمی ئێران لە ناوچە و جیهان خستەڕوو.

لەم پێوەندیەدا ئەحمەدی رایگەیاند: دەستێوەردانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دراوسێ و پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستەکان وای لە سووننە مەزهەبییەکانی ناوچە کردوە کە پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستەکان لە سووریە و عێراق‌دا بکەن بۆ ئەوەی رووبەڕووی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ببنەوە.

ئەم کردەوانەی رێژیمی ئیسلامی وای کردوە کە وڵاتانی ناوچە لە ترسی رێژیمی ئێران ئامادەن کە پشتیوانیی هەموو لایەنێک بکەن کە دژی سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامی بجووڵێنەوە و ئەم بارودۆخە نوێیە لە ناوچەکە کەم تا زۆر بۆ سەر سیاسەتەکانی رێژیمی ئیسلامی دەگەڕیتەوە.

هەروەها ئەحمەدی رایگەیاند: ئەو کردەوە نامرۆییانە کە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ئەنجامی دەدەات، رێژیمی ئیسلامیی ئێران دەیان ساڵە لە کوردستان توندوتیژی هاوشێوەی کردەوەکانی داعش ئەنجام دەدات.

لە درێژەی باسەکانی‌دا ئەحمەدی باسی کار و چالاکی و ئامانجەکانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵی کرد و وتی: بە بیروڕای ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، تەنیا رێگایەک کە بەرژەوەندیی نەتەوەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچە بپارێزێت گۆڕینی رێژیمە و پاشان دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵە.

پاشان، ناسر بولەدەعی لەلایەن حیزبی خەڵکی بەلووچستانەوە باسی لەسەر رەوشی بەلووچستان و روانگەی حیزبەکەی لە سەر داهاتووی ئێران کرد.

بولەدەعی لەم پێوەندیەدا وتی: جیاوازی و زەبروزەنگ بەرامبەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران سیستیماتیک و ئینستیتونالیزە کراوە و تەنیا رێگایەک کە ئەم نەتەوانە بتوانن بە ئازادی بژین گۆڕینی رێژیمە و پێکهێنانی سیستیمێکی فێدرالە.

پاش وتەکانی بولەدەعی، خانمی نیباک باسی لەسەر سیاسەتەکانی حیزبی کاری نوروێژی لە پێوەندی لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی نەتەوەکانی ئێران کرد و لەم پێوەندیە دا وتی: ئێمە وەکوو حیزبی کاری نوروێژ دەزانین کە ئێران وڵاتێکی نادێموکراتیکە و مافی نەتەوەکان، ژنان و چین و توێژە جیاوازەکان بە بەردەوامی پێشێل دەکات. ئێمە وکوو حیزبی کاری نوروێژ ئامادەین پشتیوانی هەموو لایەنە دێموکراتیخوازەکانی جیهان بکەین و لەو باوەڕە داین کە دێموکراسی و سیستیمی دادپەروەری لە هەمووی جیهاندا بە قازانجی خەڵک دەبێت.

لە کۆتایی سمینارەکەدا، خانمی ماری ڤێست، بەرپرسی پێوەندیەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کاری نوروێژ باسی لەسەر کاری پێوەندیەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کار کرد و لەم پێوەندییەدا هاوکاری حیزبی کاری نوروێژ و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەرز نرخاند و وتی: حیزبی کار لەگەڵ حیزبی دێموکرات هەم لە رێکخراوی پرۆگرێسیڤ ئالایانس و هەم لە ئینترناسیوناڵ سۆسیالیست و بە شێوەی دوو قۆڵی هاوکاریمان کردووە و لە داهاتووشدا هاوکاری یەکتر دەکەین.