کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی نوێنەرێکی ڕێژیم کە دەستی لە کوشتاری خۆپیشاندانەکانی ٩٨دا هەبووە، ئاگری تێبەردرا

11:05 - 30 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەزڵوەر، هەواڵدەریی ''فارس'' سەر بە ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە تابلۆی نووسینگەی ''حەسەن نەوروزی'' نوێنەری ''ڕۆبات کەریم و بەهارستان'' لە تاران لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێبەردرا.

''حەسەن نوروزی'' ٢٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە وتووێژێک لەبارەی کوشتارەکانی خەزەڵوەری ٩٨ وتبووی: ''یەکێک لەو کەسانەی کە تەقەی لە خەڵک کرد، من بووم. ئێمە کوشتمانن، ئێستا کێ دەیهەوێت ئێمە محاکمە بکات؟''.

دوای کاردانەوەیەکی زۆر بەو قسانە، ناوبراو ٢٤ی خەزەڵوەر لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئەو قسانەی بۆ هەڵبستراوە.

هەواڵدەریی فارس وردەکاریی زیاتری لەسەر ئاگرتێبەردانی ئەو نووسینگەیە باس نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە، ئەو ڕووداوە لەلایەن نووسینگەی نەوروزییەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ سەدان کەس بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و هەزاران کەسیش دەسبەسەر و ئەشکەنجە کران، هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامارێکی ڕاستیان لەوبارەوە باس نەکردووە، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەتا ئێستا ٣٢٤ کەسی لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ پشڕاست کردووەتەوە، هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا وتبووی کە لانیکەم هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون.