کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هۆشداریی بە پێشنوێژە سونە مەزهەبەکانی ئێران و کوردستان دا

11:57 - 28 سەرماوەز 2721

نووسینگەی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران هۆشداریی بە بەشێک لە پێشنوێژانی سونە مەزهەب دا کە بەنیسبەت لەسەرکارلابرانی نایاسایی "مەولەوی محەممەدحوسێن گرگیج" پێشنوێژی هەینیی سونە مەزهەبانی ئازادشار لە پارێزگای گوڵستان، ناڕەزایەتی دەرنەبڕن.

هەروەها بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی "ڕەسەدی بەلووچستان" هاوکات لەگەڵ لەسەرکارلابردنی "محەممەدحوسێن گرگیج"، ئەو نووسینگەیە و بەشێک لە ئیدارەکانی ئیتلاعات لە شارەکانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، بە شێوەی شاراوە خەڵاتیان بە کۆمەڵێک لە پێشنوێژانی سونە مەزهەب داوە.

ڕۆژی هەینی دوای ئەوەیکە "کازم نووری" نوێنەری "خامنەیی" لە پارێزگای گوڵستان، "مەولەوی گرگیجـ"ـی لەسەرکار لابرد، کۆمەڵێک لە دانیشتووانی شار لە بەردەم ماڵی ناوبراو کۆ بوونەوە و ئەو هەوڵەی ڕێژیمیان بە نایاسایی وەسف کرد.

ناوبراو بە دوای ناڕەزایەتیی بەشێک لە پێشنوێژانی شیعە مەزهەب بەنیسبەت وتەکانی "مەولەوی گرگیج" لەسەر ئیمامی سێیەمی شیعەیان لەسەر کار لا برا.

هەروەها بە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کە "مەولەوی گرگیج" لەلایەن ڕێژیمەوە چوونەدەرەوەی لێ قەدەغە کراوە، هاووڵاتییان ڕۆژی هەینی بە پێچەوانەی ئەو بڕیارە ناوبراویان بردووەتە مزگەوت.