کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسینگەی کاریی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات لە شاری بۆکان داخرا

09:39 - 13 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "وڵات" لە شاری بۆکان، لە بەیاننامەیەکدا داخستنی نووسینگەی کاریی ئەنجومەنەکەیان لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانییەوە، ڕاگەیاند.

رۆژی چوارشەممە ۱۲ی بەفرانبار، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "وڵات" لە شاری بۆکان، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، پاش چوار ساڵ هەوڵ و تێکۆشان لە ڕاستای بەروپێش بردنی ئامانجە ژینگەپارێزییەکانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی کاولکاریی و بە تاڵان بردنی سەرچاوەکانی ژینگە لە شاری بۆکان، نووسینگەی کاریی ئەو ئەنجومەنە لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکان و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەو شارە، داخرا.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە کۆسپەکانی حکوومەت لە بەرەوپێش بردنی کار و چالاکییەکانیان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، هاتووە: "دژایەتییەکان لە چەند مانگی ڕابردوو بە شێوەی پاکانەکارانە پەرەی پێدراوە و زۆرتر بووە، سەرەڕای پاڵپشتییەکانی خەڵک، ناوەندە مەدەنییەکان، دامەزراوەکان، ڕێکخراوە ژینگەپارێزی و ئەدەبییەکان، بەداخەوە لە هەڵوێستێکی ناشارستانییەت و نادێموکراتیکدا نووسینگەی کاریی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی "وڵات"ـیان داخست".

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە؛ داخستنی نووسینگەی کاریی ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات، تەنیا هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ئەنجومەنێک نییە، بەڵکوو پشت گوێ خستنی پاڵپشتی و داواکانی خەڵک و چینی ڕۆشنبیر و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگایە، ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات بە داخستنی دیوێک کۆتایی بە چالاکییەکانی ناهێنێت و گۆشە بە گۆشە ژینگەی ئەم ناوچەیە بە ناوی شەهید شەریف باجوەرەوە ئازادانە و بەبێ هیچ سنوورێک، دەکەن بە گۆڕپانی تێکۆشانی خۆیان.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات، پێشتر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە لە لایەن شارەوانی و قائێمقامیی (فەمانداری)ـی شاری بۆکانەوە هەوڵی داخستنی نووسینگەی کاریی و کۆتایی هێنان بە چالاکییەکانیان دەدرێت.