کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسەرێکی خەڵکی سەردەشت کتێبێکی لەسەر ژینگە لە چاپ دا

19:11 - 29 پووشپەڕ 2722

"حەسەن ڕەوش" نووسەری خەڵکی سەردەشت کتێبێکی بە نێوی "زاگرۆس و دارستان" چاپ و بڵاو کردەوە.

بەپێی وتەی نووسەری کتێبەکە، ئەوە یەکەمین کتێبە کە لەسەر دارستانەکانی زاگرۆس نووسراوە و ناوی زۆربەی ڕووەکە دارییەکان بە زمانی لاتین و فارسی تێدا هاتووە.

هەروەها لە کتێبەکەدا ئاوڕ لە هەموو پیشە نەریتییە پەیوەندیدارەکان بە بەڕوودۆز، تەقەی مازوو، گەزۆکردن و گەڵاکردن دراوەتەوە.

نێوەڕۆکی کتێبەکە باس لە بەرهەمەکانی دارستان، هۆکاری سووتان و فەوتانی دارەکان، سوودەکانی دارستان، ڕووبەری دارستانەکان، شێوەی پاراستن و چەقاندنی جۆرەکانی داربەڕوو و خەسارناسییەکان لەسەر ژینگە دەکات.

هەروەها کتێبەکە بە چڕوپڕی باسی لەو ئاژەڵ و باڵندانە کردووە کە لە پەرەسەندن و بووژانەوەی دارستاندا ڕۆڵیان هەیە و پەڕژاوەتە سەر مێژووی دارستان و پەیوەندی ژیانی کورد بە دارستان و ئاژەڵداری و خەسارناسییەکان لەو بارەوە.

ئەم کتێبە لەلایەن چاپەمەنی "ڕاژە" لە شاری مەهاباد لە چاپ دراوە و بە زووترین کات دەخرێتە بازاڕەوە.

"حەسەن ڕەوش" ناسراو بە " پارێزەر" لە گوندی "بێورانـ"ـی شاری سەردەشت لەدایک بووە. تا ئێستا چەندین بەرهەمی چاپکراوی هەیە و چەندین بەرهەمیشی لەژێر چاپدان.