کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نووسەرێکی کوردی خەڵکی کوردستانی باکوور ٥٠ هەزار پەندی پێشینیانی کۆ کردووەتەوە

17:51 - 19 خەزەڵوەر 2720

"محەممەد ئۆنجو" نووسەر و لێکۆڵەری کوردی خەڵکی کوردستانی باکوور لەپێناو خزمەتکردن بە ئەدەب و کولتوور و زمانی کوردی ٥٠ هەزار پەندی پێشینیانی لە چوار بەرگدا کۆ کردووەتەوە.

ئەو کتێبەی "محەممەد ئۆنجو" لە چاوی نووسەرانی کوردەوە وەک خەزێنە و سەرچاوەیەکی باش و بەکەڵک بۆ پەرەپێدان بە کولتوور و زمانی کوردی چاوی لێ دەکرێت.

"قاهر بەتایی" نووسەری کورد لە باکووری کوردستان لەو پەیوەندییەدا وتوویەتی: "وەک پێویستییەک دەبێت هەموو ماڵێکی کورد ئەو کتێبەکەی "محەممەد ئۆنجو"ی تێدا بێت و ئەو کتێبە خەزێنەیەکە بۆ فۆلکلۆری و زمانی کوردی".

"قاهر بەتایی" هەروەها باسی لەوە کردووە: "ئەوەی لەو کتێبەدا کراوە خەباتێکی گەورەیە و بەرهەمی ٣٣ ساڵ کارکردن و ماندووبوونی نووسەرە و یەکەمین کتێبێکە کە لەو شیوەیە بڵاو دەبێتەوە".

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە ئەو کتێبە زیاتر لە دوو هەزار چیرۆک بە گوتەی پێشینیانی لە خۆدا جێ کردووەتەوە.