کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نویترین لێدوانی برایان هووک سەبارەت بە ئێران

11:11 - 30 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: برایان هووک نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران لە نویترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئێران وێڕای ئاماژەدان بە تەحریمەکانی وڵاتەکەی بۆسەر کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: قورسترین تەحریمە مێژووییەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی هاتوونەتە ئاراوە و ئەم ڕەوشەش بەردەوامە.

برایان هووک لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلحوڕە" ڕایگەیاندووە: تەحریمەکان چالاکییەکانی ئێرانی توشی شڵەژان کردووە. ٨٠%ی داهاتی ئێران لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوت دابین دەکرێت و ئێمە توانیومانە ١ میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی ئێران کەم بکەینەوە کە دەکاتە دەوروبەری ٢ میلیارد دۆلار.

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٣وە نیزیزک بە ١٦ میلیارد دۆلار پارەی خەڵکی ئێرانی لە عێراق، سووریە و یەمەن بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم، بەرهەمهێنانی مووشەک و تێکدانی ئاسایشی ناوچە سەرف کردووە؛ کەواتە تەحریمەکانی ئێمە ژیرانە و لە جێی خۆیاندا بوون.

ناوبراو وتوویەتی: ئەمانە قورسترین تەحریمگەلێکن کە خراونەتە سەر کۆماری ئیسلامی و ئێمە ئەم کارەمان وەکوو بەشێک لە گوشارە ئابوورییەکان بەمەبەستی گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیم دەست پێکردووە.

لە وتووێژێکی دیکەشیدا لەگەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییە برایان هووک وتوویەتی: ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندایە هەر بۆیە ئێمە لانی‌زۆری گوشارەکانمان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەست پێکردووە و درێژەشی پیدەدەین بەو جیاوازییەوە کە ئەگەر لە ڕابردوودا توانای دەوردانەوەی تەحریمەکانیان هەبوو ئێستە بەهۆی مێکانیزمە نوێکانمانەوە ناتوانێ ئەم کارە ئەنجام بدات.

ئامریکا ڕایگەیاندووە کە بازرگانی کردن لەگەڵ ئێران دەتوانی بە مانای دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم بێت بۆیە هەر کەس و لایەنێک هاوکاری ئێران بکات دەکەوێتە بازنەی تەحریمەکانی ئێمەوە.