کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ئاماری بێکاری لە ئێران بڵاو کرایەوە

18:26 - 28 پووشپەڕ 2720

بەپێی نوێترین ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، پارێزگای " لوڕستان" بێکارترین پارێزگای ئێرانە و هەرکام لە پارێزگاکانی "کرماشان، سنە، سیستان و بەلووچستان و چوارمەحاڵ و بەختیاری"، دوابەدوای ئەو پارێزگایە لە پلەکانی دیکەی بێکاریدان.

ئاماری بێکاری هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بڵاو دەکرێتەوە، ڕێژەی بێکاری لە بەهاری ئەمساڵ لە پارێزگای "لوڕستان" بەنیسبەت بەهاری ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٢١ لەسەد زیادی کردووە و زۆرترین بێکاریی هەیە لە ئاستی ئێراندا.

لە دوای ئەو پارێزگایە، هەرکام لە پارێزگاکانی "چوار مەحاڵ و بەختیاری" بە ڕیژەی ١/١٩ لەسەد، پارێزگای "کرماشان" بە ڕێژەی ٨/١٣ لەسەد، سیستان و بەلووچستان بە ١/١٣ لەسەد و پارێزگای "سنە" بە ٩/١٢ لەسەد، بێکارترین پارێزگاکانی ئێرانن.

سەرەڕای ئەوەی کە ئێران لە بواری سەرچاوە سروشتییەکان و بەتایبەتی بەرهەمهێنانی سووتەمەنییەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند و پڕبەهرەیە، بە یەکێک لەو وڵاتانە دێتە ئەژمار کە ساڵانە ئاماری بێکاری بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

ڕێژیمی ئێران لە بواری دابینکردنی هەلی کارەوە، لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا لە پلەیەکی زۆر نزمدایە و لەم پەیوەندییەشدا، لە ساڵی ۹۸ی هەتاویدا ڕێژەی بێکاری لە وڵاتی ئێران لە سنووری ۷۰ لەسەد تێپەڕیوە.

وێڕای ئەوەی کە ناوەندە پەیوەندییدارەکانی ڕێژیمی ئێران، هیچکات لە هیچ بوارێکەوە و بەتایبەتی بواری ئامار، ڕێژەیەکی دروست و زانیارییەکی ڕێکوپێک بڵاو ناکەنەوە، هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران، بە شێوەی نافەرمی، ڕێژەی بێکارییان لەو وڵاتە و لە سەرجەم بوارەکاندا زیاتر لە ۷۰ لەسەد ڕاگەیاندووە.