کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ئاماری تەقینەوەکەی لوبنان: ١٩٠ کوژراو و زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەس بریندار

18:30 - 9 خەرمانان 2720

دەوڵەتی کاتیی لوبنان لە نوێترین ئاماردا ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکەی بەیروت گەیشتووەتە ١٩٠ کەس و زیاتر لە ٦ هەزار و ٥٠٠ کەسیش بریندار بوونە، هەروەها ٣ کەسیش هەتا ئێستا بێسەروشوێنن.

هەیئەتی دەوڵەتی کاتیی لوبنان، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان، ڕایگەیاند، ئەو تەقینەوە گەورەیەی کە نزیکەی مانگێک لەمەوپێش لە کەنارئاوی بەیرووت ڕوویدا، بوو بەهۆی ئەوەی کە ٣٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی لوبنان ئاوارە بن و ١٥ میلیارد دۆلاریش زیانی لێکەوتەوە.

لەم ڕاگەیەندراوە فەرمییەدا هاتووە ٥٠ هەزار دووکان، ٩ نەخۆشخانەی گەورە و ١٧٨ قوتابخانە بەهۆی ئەم تەقینەوەیە زیانیان پێگەیشتووە.

لە دوای ئەو تەقینەوەیە خۆپیشاندانەکان لە بەیرووت دەستی پێکرد و خۆپیشاندەرانی لوبنانی خوازیاری لەسەرکارنەمانی بەرپرسانیان لە دەسەڵات و گۆڕانکاریی بنەڕەتی بوون، بەم هۆیەوە سەرۆک وزیران و چەند وەزیری دەوڵەتی لوبنان لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی دەستیان لەکار کێشایەوە.

خەڵکی ناڕازیی لوبنان، ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بە هۆکاری سەرەکیی بشێوی و تێکدانی سەقامگیری لەو وڵاتە دەزانن و بە دژی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و ئەو گرووپە تێرۆریستییە دروشمیان دەدا.