کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ئاماری زیانەکانی بوومەلەرزەی "مەسجد سولەیمان" بڵاو کرایەوە

14:06 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بوومەلەرزەی "مەسجد سولەیمان"، بوو بەهۆی زیانێکی بەرچاو بەو شارە و دەوروبەری و خەسارێکی ماددی و گیانیی زۆری لێکەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان و پشتڕاستکردنەوەی سەرۆکی کۆمەڵەی "مانگی سوور"ی ڕێژیم، لە پارێزگای خووزستاندا، هەژماری برینداربووانی بوومەلەرزەی مەسجد سولەیمان و شارەکانی دەوروبەری، گەیشتووەتە ١١٢ کەس، کە بە وتەی ناوبراو، زۆربەی ئەو بریندارانە، بەشێوەی سەرپایی چارەسەر کراون.

"کیامەرس حاجیزادە"، بەرپرسی گشتیی بەڕێوبەریی قەیران لە پارێزگای خووزستان، سەبارەت بە خەسارەتەکانی دیکەی ئەو بوومەلەرزەیە وتبووی: "ماڵە کۆنەکانی نێو گوندەکان، ١٥ تا ٦٠ لەسەد تووشی داڕمان بوونە و هەروەها هەندێک لە بەشەکانی "بیمارستانی نەوت" لە شاری مەسجد سولەیمان، داڕماوە".

ناوەندی بوومەلەرزەنیگاریی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، ڕایگەیاند کە بوومەلەرزەیەک بە هیزی ٥.٧ ڕیشتەر، شاری مەسجد سولەیمانی لە پارێزگای خووزستان هەژاند، کە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە، ناوچەی "گڵگیر"، لە ٤٥ کیلۆمەتریی مەسجد سولەیمان ڕاگەیەندراوە.

ئەو بوومەلەرزەیە تا ئێستا، چوار پاشهەژانی هەبووە کە زیانگەلێکی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە.