کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ئاماری ڕێژیم لەبارەی کۆرۆنا: ٥٢٠٩ قوربانی و ٨٣٥٠٥ تووشبوو

18:10 - 1 بانەمەڕ 2720

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٨٣ هەزار و ٥٠٥ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٥ هەزار و ٢٠٩ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەر، بەنیسبەت نوێترین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٩١ کەسی دیکە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٢٠٩ کەس.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕیژیم، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، هەزار و ٢٩٤ کەسی دیکە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٨٣ هەزار و ٥٠٥ کەس.

ئەوە لە حالێکدایە کە ''موحسێن هاشمی''، بەرپرسی شورای شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنی ئاشکرای شورای شاری تاران، ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێرانی نادروست زانی.

ناوبراو بەپێی لێکدانەوەکانی ناوندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم و ڕای پسپۆڕان وتبوی کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران زۆر زیاتر لەو ژمارەیە کە بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەندراوە.

هەروەها چەند ڕۆژ لەمەو پێشیش، ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا دوو بەرابەر لەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندووە زیاترە.

ئەگەر ڕاپۆرتی ناوەندی توێژینەوە بکەینە پێوەر، ڕێژەی قوربانییان زیاتر لە ١٠ هەزار کەسە و ڕێژەی تووشبووانیش لە نێوان ٧٠٠ هەتا ٨٠٠ هەزار کەسدایە.