کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ئاماری ڕێژیم لەبارەی کۆرۆنا: ٥٢٩٧ قوربانی و ٨٤٨٠٢ تووشبوو

17:12 - 2 بانەمەڕ 2720

بەپێی ئاماری فەرمیی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا ٨٤ هەزار و ٨٠٢ کەس لە ئێران تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە و ٥ هەزار و ٢٩٧ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

''کیانووش جەهانپوور''، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە ٢ی بانەمەر، بەنیسبەت نوێترین ئاماری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٨٨ کەسی دیکە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەم نەخۆشییە لە ئێران گەیشتووەتە ٥ هەزار و ٢٩٧ کەس.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، هەزار و ٢٩٧ کەسی دیکە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە و کۆی گشتیی تووشبووان گەیشتووەتە ٨٤ هەزار و ٨٠٢  کەس.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕاگەیاندنی ئاماری فەرمیی کۆرۆنا لە ئێران لەلایەن زۆرێک لە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیمەوە بە درۆ دەخرێتەوە و لەسەر ئەو باوەڕەن کە ڕێژەکە زیاتر لەوە ژمارەیەیە.

''موحسێن هاشمی''، بەرپرسی شورای شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە لە دانیشتنی ئاشکرای شورای شاری تاران، ئاماری فەرمیی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێرانی نادروست زانی.

ناوبراو بەپێی لێکدانەوەکانی ناوندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیم و ڕای پسپۆڕان وتبووی کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران زۆر زیاتر لەو ژمارەیەیە کە بە شێوەی فەرمی ڕاگەیەندراوە.

هەروەها ''زەهرا سەدر ئەعزەم نووری''، ئەندامی شورای شاری تاران وتبووی کە ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە. 

هەروەها "محەممەد جەواد حەقشناس"، ئەندامی شورای شاری تاران وتوویەتی، دەوڵەت توانای بەڕێوەبەریی پێویستی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنای نییە و تەنیا لە ڕێگای وتاردەرمانی و کۆنترۆڵی ئامار، دەیەوێت بەسەر کۆرۆنادا سەر بکەوێت.