کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ئاماری کۆرۆنا لە ئێران بڵاو کرایەوە

18:32 - 31 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ٣١ی پووشپەڕ، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم نوێترین ئاماری قوربانییان و تووشبووانی کۆرۆنای لە ئێران بڵاو کردەوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٦٢٥ حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە و ٢٢٩ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەو ئامارەی ڕێژیم هەتا ئێستا لە ئێراندا کۆی گشتیی تووشبووان ٢٧٨ هەزار و ٨٢٧ حاڵەت بووە و ١٤ هەزار و ٦٣٤ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

ئەم ئامارەی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە "ڕووحانی" لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو کە ٢٥ ملیۆن کەس لە ئێران تووشی کۆرۆنا بوونە.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە ٢٥ پارێزگا لە ئێران دۆخی سووریان هەیە.

لەنێوان ئەو پارێزگایانەدا چوار پارێزگای "سنە، کرماشان، ئیلام و ورمێ" لە دۆخی سووردان و کەمیی ئیمکانات و کەرەستەی پزیشکی، هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنان لەو پارێزگایانەدا.

ئەو ئامارانە کە ڕێژیمی ئێران بڵاوی دەکاتەوە پڕە لە درۆ و چەواشەکاری و دوورن لە ئاماری ڕاستەقینە.