کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین راپۆرتی شەڕی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدژی داعش+ وێنه

23:16 - 18 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دژی تیرۆریستان و گرووپی ناسراو بە داعش لە ئامادەباشیی تەواو دایە.
تیمی وێنەگر و راپۆرتێرانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا شانبەشانی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەڕی هێزی پێشمـەرگەی کوردستان لەدژی داعشی رووماڵ کردووە کە بۆ یەکەمین جار بڵاو دەکرێنەوە.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە فەرماندەیی ستادێکی عەملیاتیی تایبەت پاش ئەوەی کە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەرەکانی شەڕ لە دژی گرووپی تیرۆریستیی داعش کران، چەند گوندێک لە ناوچەی \'\'گوێر\'\' سەربە قەزای \'\'مەخموور\'\'یان لە هێزەکانی داعش پاکسازی و کۆنترۆڵ کرد.

9080.jpg
رۆستەم جەهانگیری


رۆستەم جەهانگیری وتەبێژی ستادی عەملیاتی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر دوایین دۆخی بەرەکانی شەڕ رایگەیاند: \'\'لە چەند رۆژی رابردوودا کە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە بەرەکانی شەڕدا ئامادە بوو، چەندین گوندمان رزگار کردووە، کۆمەڵێک دەسکەوتی شەڕمان وەکوو چەکوچۆڵ و ئۆتۆمبێل هەبووە، ٣ کەس لە هێزەکانی داعشمان بە دیل گرتووە که هەموویان رادەستی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کراون\'\'.

جەهانگیری لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری کوردستان میدیا لە بارەی دەسکەوتەکانەوە وتی: ئێمە بە مەبەستی دەسکەوتی مادییەوە نەچووینەتە بەرەی شەڕەوە، هەموو ئەو دەسکەوتانەمان هەتا ئێستا رادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کردووە.

جەهانگیری وتی: پاراستنی خاک و نیشتمان ئامانجی سەرەکیی بەشداریی ئێمە لەو شەڕە دایە.

وتەبێژی ستادی عەملیاتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان راشیگەیاند: بڕیاری حیزب لەسەر ئامادەبوون شەڕ دژی داعش و تیرۆریستان لەسەر جێی خۆیەتی و هەنووکە هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ئامادەباشی دایە.

رۆستەم جەهانگیری لەبارەی هەڕەشەی یەکێک لە سەرکردەکانی داعش لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتی: داعش هەموو هێزە لاییک و دێموکراتەکان بە دوژمنی خۆی لە قەڵەم دەدا و دژایەتی کردنیان بە رەوا دەزانێ. ئێمە نەک هەر داعش بەڵکوو هەر هێزێکی دیکە هێرشمان بکاتە سەر، بەرگری لە خۆمان دەکەین.