کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین فڕۆکەی شەڕکەری ڕێژیم کەوتە خوارەوە

12:40 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان هەر دوو مانگ جارێک فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕێژیمی ئیسلامی دەکەوێتە خوار.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ناوەندە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانان، نوێترین فڕۆکەی شەڕکەری ڕێژیم، لە کاتی فڕیندا کەوتووەتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەست‌ دا.

ئەم فڕۆکە شەڕکەرە کە بە نێوی فڕۆکەی ئێف-٥ ناسراو بە "کەوسەر"، ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ لە لایەن حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئیسلامی و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پلە باڵای ڕێژیم و فەرماندەکانی سپای پاسداران پەردەی لەسەر لادرا.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم لە بارەی ئەم فڕۆکەوە نوسیبوویان: "یەکەمین فڕۆکەی شەڕکەری  پێشکەوتوو کە بە سیستەمی ئڤیونیک و کۆنترۆڵی ئاگری پێشکەوتووی خۆجێی تەیار کراوە و بە کەلوپەلی  دروستکراوی نێوخۆی وڵات دروست کراوە".

 ئەم فڕۆکە شەڕکەرە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگ و باسێکی زۆری لێ کەوتەوە و زۆرێک پێیان وابوو ئەمە هەمان فڕۆکەی شەڕکەری ئامریکاییە کە لە دەیەی ٧٠ی زایینیدا دروست کرابوو و تەنیا ڕەنگ کراوە.

 کە لەم بارەوە عوفیر جەندڵمەن وتەبێژی دەوڵەتی ئیسرایل، لە تویتێکدا نوسیبووی: "ئەم فڕۆکە شەڕکەرەی ئێران، فڕۆکەیەکی زۆر کۆنی  ئێف-٥ی ئامریکایە".

هەروەها هەر لەم بارەوە  گرووپی پەیوەندیی سایبری لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران،  لە ئەکاونتی تویتێریی خۆیدا نوسیبووی: "بەرپرسانی ڕێژیم تێگەیشتنی پێویستیان لە چوونەسەری ئاستی پێشکەوتنی سەنعەتی فڕۆکەسازی نییە، فڕۆکەکەیان بە ڕێژەیەکی زۆر لە شێوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئامریکایە، کە لە چەند دەیەیەکی پێش دروست کراوە".

هەتا ئێستا هۆکاری کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکە شەڕکەرە لە لایەن ناوەندەکانی سپاوە ڕوون نەکراوەتەوە، کە مردنی فڕۆکەوانەکەی لێ کەوتووەتەوە.

هەر لەم ڕاستادا بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هەر دوو مانگ جارێک فڕۆکەیەکی شەڕکەر دەکەوێتە خوارەوە، کە  هەندێک جار مردنی فڕۆکەوانەکانی لێ دەکەوێتەوە.

لە دوو ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا ڕێکەوتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە شەڕكەرەکانی ئێران و جۆرەکانیان بەم شێوەیەیە:

 ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٦،  فڕۆکەی  کوبرا سەر بە هەوانیرووزی ئەرتەش لە ناوچەی ئەسپیرانی تەورێز.

٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٦م هەلی کۆپتێری ٢١٤ی سەر بە هەسا لە نەسرابادی ئەسفەهان.

٦ی ڕەزبەری ١٣٩٦، هەلی کۆپتێری ٢١٤ سەر بە هەوانیرووزی ئەرتەش، لە دەورەبەری پارێزگای ورمێ کە کوشتنی کەسێکی لێ کەوتەوە.

٨ی جۆزەردانی ١٣٩٧، فڕۆکەی "فەجر٣ی سەر بە هەوانیرووز لە باکووری تاران، کە دوو کوژراوی لێ کەوتەوە.

١٢ی جۆزەردامی ١٣٩٧، فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٥ "چەنگدو" ی  چینی سەر بە هێزی هەوای ئەرتەش، لە حەسەنابادی ئیسفەهان.

٢٠ی  پووشپەڕی ١٣٩٧، فڕۆکەی شەڕکەری ئێف-٥ "فانتوم"  سەر بە هێزی هەوای لە چابەهار.

٤ی خەرمانانی ١٣٩٧، فڕۆکەی ئێف-٥ "کەوسەر" کوشتنی کەسێکی لێ کەوتەوە.