کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین ڕاپۆرتی مەیدانی لەسەر دۆخی ژیان لە کوردستان

15:53 - 6 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەبارەت بە دواڕەوشی ژیان لە شارەکانی کوردستان دوای یەکەم خولی تەحریمەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران و هاوکات لەگەڵ کشانەوەی بەردەوامی کۆمپانیا جیهانییەکان لە کاروباری بازرگانی ئێران، ڕێپۆرتێری کوردستان میدیا ڕاپۆرتێکی مەیدانی ئامادە کردووە کە دەرخەری ئەوپەڕی سەختی و دژواری ژیان لە ئێران و بەتایبەت کوردستانە.

ئەم ڕاپۆرتە تایبەت لە سەر کوردستانە و تەنیا بە ئاوڕێکی خێرا هاتووەتە دەست و قووڵایی تراژێدیای ژیان لە شارەکانی کوردستان گەلێ لەمەش زیاترە.

لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ئەمڕۆ ڕۆژی شەشی خەرمانانی ساڵی نەودو حەوتی هەتاوییە . دڵنیابن ئەوەی دوێکە بە نیسبەت وەزعی ئابوری ناوخۆوە دەبیندرا ئەمڕۆ [ واتە پاشی کەمتر لە بیست و چوار سەعات ] ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە . بێکاری ئێرانی وەزاڵە هێناوە . داهات و دەرکەوتی هیچ بنەماڵەیێک لەم یەکساڵەی ڕابردودا هاوسەنگ نەبووە . بەڵکوو دەرکەوت هەتا دێت زیاتر دەبێت و داهاتیش ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بەرەو کزی و قەپات بوون هەنگاوی بەپەلەی هەڵگرتووە . نەداری و بێ دەرەتانی بە جۆرێک بەرۆکی بە خەڵک گرتووە کە هیچ کەسێک سەری کەسی ناپەرژێت . خراپی دۆخی ئێقتسادی، دەرونی مرۆڤەکانی تێکداوە . لەم مانگەی ڕابردوودا بێجگە لە میوە ( ئەویش بەو هۆیەوە کە ئێستا وەرزی هاوینە و میوە لە بازاڕدا زۆرە ) کە بڕێک نرخەکەی وەستاوەو هەڵنەکشاوە . هەموو شتێک نرخەکانی لە هەڵکشانی بەردەوامدایە .

لە بەشێک لە ڕاپۆرتەکەدا نرخی چەند پێداویستییەکی سەرەتایی ژیان خراوەتە ڕوو کە بەم چەشنەیە: ڕۆنی پوت ١٠٥٠٠٠ تمەن، کیلۆیەک ڕۆبی تەماتە ٩٥٠٠ تمەن، مۆز کیلۆی بە ١٣٠٠٠ تمەن، ماسی قزل ئالا کیلۆی بە ٢٥٠٠٠ تمەن، مریشک کیلۆی ١١٨٠٠ تمەن، برنجی گوستەرش کیلۆی ٧٤٠٠ تمەن و هێلکە کیلۆی ١٠٠٠٠ تمەن.

سەبارەت بە نرخی ئەو کەلوپەلانەی کە لە نایلۆن دروست دەبن وەک قووتو و وەسایلی یەکبار مەسرەف ڕێپۆرتێری "کوردستان میدیا" دەڵێ: سێ تا پێنج بەرانبەر لە چاو دوو مانگ پێشەوە زیادی کردوە . خزمەتگوزاری حکومەتی لە ناو شارەکاندا نیزیک بە سفرە؛ لەمبارەشەوە وەک نموونە باس لە نەخۆشخانەیەکی شاری سەقز دەکات و دەڵێ: "تەنانەت بەشی ڕادیۆلۆژی نەخۆشخانەی خومەینی سەقز لە گەڵ کەمی عەکس بەرەوڕوو بووەتەوە" .

سەبارەت بە زیادبوونی خسارە کۆمەڵایەتییەکانی وەک دزیش دەڵێ: ئێستا بە هۆی زۆر بوونی دیاردەی دزی کردن خەڵکی دێهاتیش ناوێرن چاو لە کەلوپەل و موچە و مەزراکانیان غافڵ بکەن . بە جۆرێک کە لە ناو موچە و دێهاتەکاندا ئاژەڵ یان بەرهەمە کشت و کاڵییەکانیان دەبردرێ .

لە ڕاپۆرتەکەدا هەروەها باس لە گرانی دەوا و دەرمان و چارەسەری نەخۆشییەکان کراوە و هاتووە: "مەتەبی دوکتورەکان تەنانەت دوکتوری منداڵان زۆر زۆر چۆڵترە لە چاو مانگێک لەمەو پێش . سەرەڕای ئەوەیکە کلینیکی سینا لە سەقز بە هۆی نەبوونی مشتەریەوە کۆ کرایەوە ئێستا کلینیکی حەکیم و ساڕێژ یش هەر خەڵکانێکی کەم ڕویان تێدەکات . ئەم وەزعییەتە هەر لەوەو سەرچاوە دەگرێت کە خەڵک داهاتێکی ئەوتۆیان نیە و هەزینەی گران و بێ ئامانی دەوا و دوکتوریان پێ نادرێ .

دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی کارێکی وەهای کردووە کە بە دەگمەن بازرگان و تاجرەکانی کوردستان بۆ کڕینی کەلوپەل ڕودەکەنە وڵاتانی هێند ، چین یان تورکیا و ئیمارات . زۆربەی زۆری ئەو خەڵکانە ئێستا بێکارن یان ئەگەر خەریدێکی بچوکیش بکەن لە ڕێگای تەلەفونەوەیە . کڕین و فرۆشتنی ڕۆژانەی دۆلار و تەڵا بۆ دەوڵەمەندەکان زۆر سودمەندترە هەتا هاوردەکردنی کاڵا و شتومەکی بیانی بۆ ناو ئێران . سنوورەکان لە لایەن ڕێژیمەوە هەروا داخراوە و هەر بەم هۆیەشەوە بێکاری خەڵکی سنورنشین لە هەموو کات زیاتر بووە .

هەر سەبارەت بە باسی نرخی ئەرزەکان لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تەئسیری ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لە سەر هەموو شتێک داناوە . سیگار و وەسایلی برقی هەتا پارچە ، پوشاک ، ماهوارە و ڕوسەری و هتد بەڕێژەی سێ چوار بەرانبەر گران بوون .

لە بیاڤی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا کە خەڵک ڕۆژانە لەگەڵیدا بەرەوڕوون ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە دەڵێ: "جار لە گەڵ جار بە هۆی گرانی و بێکاری و ناڕوونی داهاتووی ژیانی خەڵکەوە ڕێژەی ناهەنجاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەرز دەبێتەوە؛ خۆکوشتن ، شەڕ و بەگژیەکتریدا چوون ، ئەنواعی دزی ، ئەنواعی فەسادی ئەخلاقی و تاد لە کۆمەڵگادا بەردەوام پەرە دەستێنێت . خەڵک لە هەموو مەوعیزە و وتارێک هیلاکە و چاوەڕوانی کردەوەیە .

لە درێژەشدا باس لە نیزیک بوونەوەی وەرزی خوێندن دەکات و دەڵێ ئەمەش بووەتە یەکێک لە سەرئێشەکان؛ هەر لە ئێستاوە گرانی ناونووس کردنی منداڵانی خوێندەوار و دابینکردنی کەرەستەکانی خوێندن بۆ منداڵان ترسی خستووەتە ناو دڵی بەشێکی زۆری بنەماڵەکانەوە . نوشت افزار و کتێب و کاغەز بە ڕێژەی زیاتر لە سێ بەرانبەر لە چاو یەکەم مانگی بەهاری ئەمساڵ زیادی کردووە .

ئەم گرانییە لە بەشی بیناسازیشدا بە ڕوونی دیارە و گرانی کەرەستە و مەساڵحی بیناسازی کارێکی وەهای کردووە کە بە کردەوە ئەم سینفە کە بە سینفێکی گرینگ لە باری وەگەڕ خستنەوەی ئابووری ئێران و کوردستان حیسابی لە سەر دەکرا فەلەج بووە، بۆ نموونە پەڕەی شوفاژی ئێران ڕادیاتۆر کە لە چەند مانگی پێشودا ٢٠٠٠٠ تمەن بوو ئێستا لە سەروی ٥٠٠٠٠٠ تمەنەوەیە . پەکەیج کە جاران نیزیک بە ٢ میلیۆن تمەن بوو ئێستا زیاتر لە ٨ میلیۆن تمەنە .

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە: "ئەوەی لەم بارودۆخەدا ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر خۆی دەنوێنێت نە کێشە بەردەوامەکانی ئێرانە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە یان جیهان بەڵکوو نابەرپرس بوون و گەندەڵیێکە کە ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ بە شێوەی ئوتوماتیک لە جەستەی ئیدۆلۆژی سەقەتی حاکمیەتەوە هەڵقوڵاوەو ئێستا زۆر قووڵتر بووەتەوە، بۆیە ئەگەر کەسێک پێی وابێت ئەم وەزعییەتە ئیسڵاح دەبێت یان بە لاچوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان هەموو شتێک چاک دەبێت پێم وایە بە هەڵەدا چووە . زۆربەی زۆری کارمەندەکان یان بەرپرسە بچووکە ئێرانییەکانیش لەم گەندەڵییە بێسەر و بنەدا تێوەگلاون و قانون و یاسا بەس لە سەر کاغەز بوونی هەیە و لە کردەودا تەنیا بەرتیل و پارتیبازی کار جێبەجێ دەکات.