کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان سەردانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیان لە ئوتریش کرد

16:18 - 28 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئوتریش هاوڕێ لەگەڵ نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانیان لەو وڵاتەدا کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە وڵاتی ئوتریش، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتەدا کرد و لەلایەن شاندێکی ئەو نوێنەرایەتییەوە بە سەرپەرستیی \'\'مستەفا رەمەزان\'\' نوێنەری حکوومەتی هەرێم، پێشوازییان لێ کرا.

مەبەستی ئەم سەردانەی نوێنەرانی پارتە کوردستانییەکان لە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم له وڵاتی ئوتریش، گەیاندنی پەیامی پشتگیریی خۆیان لە هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاش هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆسەر چەندین شاری عێراق و چەندین ناوچەی کوردستانیی دەرەوەی هەرێم، بوو.

لەم دانیشتنەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، باسێکی سەبارەت به بارودۆخی ئێستای هەرێم، ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان و عێراق بەگشتی پێشکەش کرد و پاشتر نوێنەرانی پارتەکان بۆچوونەکانی خۆیان سەبارەت بەو بارودۆخه خستەڕوو.

هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان له ئوتریش وێڕای ئاماژه به بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارە‌ت بەو بارودۆخە‌ی ئێستای کوردستان و عێراق و دەربڕینی پشتگیریی حیزب لەو بەشەی کوردستان، وتی: حێزبی دێموکرات وەک هێزێکی نەتەوەیی به ئەرکی سەرشانی خوی دەزانێت، هەموو دەستکەوته نەتەوەیییەکانی کورد بپارێزێت و بەرگرییان لێ بکات.