کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بۆ بەربژێربوونیان پارەیان داوە

12:03 - 18 خەرمانان 2720

بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەیکە بتوانن بەربژێر بکرێن و بڕۆنە مەجلیسەوە بڕی ٢٠٠ ملیۆن تمەن بەرتیلیان داوە.

"مەحموود سادقی" نوێنەری مەجلیسی دەیەم باسی لە گەندەڵییەکی شورای نیگابانی ڕێژیم کردووە و وتوویەتی، ٢٠ کەس بە وەرگرتنی پارە، بەربژێرەکانیان بۆ مەجلیس ناونووسی کردووە.

"سادقی" کە خۆی نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس بووە وتوویەتی، ئەو گەندەڵییە دەستی نەوەی یەکێک لە ئاخوندەکانی شورای نیگابانی تێدا بووە و ئەو کەسە بۆ بەربژێربوونی هەر کەسێک بۆ مەجلیس ٢٠٠ ملیۆن تمەن پارەی وەرگرتووە.

بەپێی قسەکانی ئەو نوێنەرەی پێشووی ڕێژیمی ئێران، چەند جار بڕیار دراوە کە بەرپرسان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن، بەڵام هیچ کارێک نەکراوە.

بەپێی قسەکانی ناوبراو، "ڕەحیمی" سەرۆکی پێشووی حیفازەتی ئیتلاعاتی شورای نیگابان کە بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیەی کردبوو، لەسەر کارەکەی لا برا.

"سادقی" وتوویەتی، لەبارەی ئەو دۆسیەیە فایلی دەنگی و بەڵگەی زۆر هەیە، بەڵام هیچ لایەنێک ئامادە نییە بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیە بکات.

نوێنەرانی مەجلیس لە ڕێژیمی ئێراندا بە دەنگی خەڵک هەڵنابژێردرێن و مەجلیس لە دەسەڵاتی ئێراندا ناتوانێت بڕیاردەر بێت.