کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران وتوویانە واکسەنی فایزێر گومانلێکراو و شوێنەواری ژنێتیکی هەیە

18:24 - 21 بەفرانبار 2720

دوای ئەوەیکە ''خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئێران فەرمانی دا کە واکسەنی دروستکراوی بریتانیا و ئامریکا بۆ متمانە نابێت و هاوەردەکردنی قەدەغەیە، نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم پشتیوانیان لە قسەکانی خامنەیی کردووە و واکسەنی ''فایزێر''یان بە ''گومانلێکراو'' و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمنییەتی وڵات وەسف کردووە.

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم وتوویانە، بە ئەگەری زۆرەوە واکسەنی دروستکراوی دەرەکی شوێنەواری ژنێتیکی هەیە.

هەروەها ''حوسێن کەنعانیی موقەدەم'' سەرۆکی سیاسیی ''جبهەی ئیستادەگیـ''ـی ڕێژیم وتوویەتی، ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی بە دروستکردنی بە ڕەواڵەت واکسەنی کۆرۆنا دەیانهەوێت GPS بخەنە نێو لەشی ئێمە و و کردار و هەڵسوکەوتی ئێمە کۆنترۆڵ بکەن.

ناوبراو وتوویەتی، بە کوتانی ئەو واکسەنە ئێمە وەکوو ڕۆباتێکمان لێ دێت و کەسانی دیکە کۆنترۆڵمان دەکەن.

بەپێی پێناسەی زانستی، واکسەن جۆرێک دەرمانە کە بە ئامانجی هاندانی سیستمی بەرگریی لەش بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ نەخۆشییە چڵکییەکان وەکوو باکتری و ڤایرۆسەکان بەکار دەبردرێت؛ بە وتەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی واکسەن یەکێک له کاریگەرترین ڕێگاکانی پێشگرتن لە نەخۆشییەکانە.

لەو پێوەندییەدا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەنیسبەت بڕیاری خامنەیی لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووتەوە، ئەم واکسەنە گیانی کەسەکان ڕزگار دەدات، قەدەغەکردن و نەکڕینی ئەو واکسەنە هەنگاوێکە لە ڕاستای سووککردنی مافی مرۆڤ کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەندین دەیەیە ئەنجامی دەدەن.

هەروەها لە بەیانییەی ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە هاتووە، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران یاری بە گیانی ملیۆنان کەس دەکات و سیاسەتەکانی لە سەرەوەی خەڵک داناوە. لە حاڵێکدا هیچکەس نابێ لە دەستپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی تەندروستی یەک لەوانه کە واکسەنە، بێبەش بکرێت.