کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی ڕێژیم پلان بۆ "ئەپڵ" دادەڕێژن

13:50 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، هەوڵی گەمارۆ خستنەسەر کۆمپانیای ئامریکایی "ئەپڵ" دەدەن.

کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیم پاش بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیم، بە شێوازی جیاواز، هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکایان داوە و دژکردەوەیان لە خۆ نیشان داوە.

 لە هەوڵێکی نوێدا، بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، لە دژکردەوە بەرانبەر بە بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە داڕشتنی پلانێکی بەپەلە، هەوڵی دانانی گەمارۆ لەسەر کۆمپانیای ئامریکایی "ئەپڵـ"ـیان داوە.

لەو پلانەدا، بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیم، داوایان لە وڵاتانی ئیسلامی لە ناوچەکەدا کردووە، کە گەمارۆ بخەنە سەر "کۆمپانیای ئایفۆن" کە مەبەستیان کۆمپانیای "ئەپڵ" بووە.

لەم پێوەندییەدا، سەرۆکی کۆمسیۆنی تەناهیی ڕێژیم لە مەجلیسدا، وتبووی: ١٥ پلان لە مەجلیسدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵەکانی ئامریکا داڕێژراوە".

رۆژنامەی "نیۆیۆرک تایمز"، ساڵی ٢٠١٧، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە، کە کۆمپانیای ئەپڵ بە شێوەی فەرمی لە ئێراندا بوونی نییه؛ به هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئایفۆنەکانی کۆمپانیای ئەپڵ نوێنەرایەتی یاسایی لەو وڵاتەدا نییە و بەم هۆیەوە پشتیوانی لە ئەپەکانی خۆی لە ئێراندا ناکات.