کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران پلان بۆ بردنە سەرەوەی حەشیمەت دادەڕێژن

13:17 - 24 خەرمانان 2720

بەناو نوێنەرانی خەڵک لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران خەریکی تاوتوێکردنی گەڵاڵەیەکن بە مەبەستی زۆرکردنەوەی حەشیمەتی وڵات و بوونی منداڵی سێیەم و چوارەم لە بنەماڵەکاندا.

بەناو نوێنەرانی مەجلیس گەڵاڵەیەکیان پێشنیار کردووە و تاوتوێی دەکەن کە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵی سێیەم و چوارەمیان ببێت، لە پاڵاوتنگە و کارخانەکانی پێترۆشیمیدا پشکیان بۆ دیاری دەکرێت.

بەپێی ئەو گەڵاڵەیە ئەو پشکە لەژێر ناوی "پشکی داهاتوو"دا بەو دایک و باوکانە دەدرێت. ئەمە لەحاڵێکدایە کە بوورسی ئێران تووشی قەیران بووە و ڕێژیم لەو ڕێگایەوە دەیهەوێت کەمیی فرۆشی نەوت لە بوورسدا قەرەبوو بکاتەوە.

هەروەها نوێنەران دەیانهەوێت کە ناوەند و ڕێکخراوە جیاوازەکان کە بۆ زۆرکردنەوەی حەشیمەت کار دەکەن بخەنە ژێر سێبەری ناوەندێکەوە بە ناوی "ناوەندی میللیی حەشیمەت".

ڕێژیم لەحاڵێکدا پلان بۆ زۆرکردنەوەی حەشیمەت و بنەماڵەتەوەر کردنەوەی کۆمەڵگا دادەڕێژێت کە دۆخی ئابووری و بژێویی ژیانی خەڵک نالەبارە و تەنانەت ئاماری پێکهێنانی ژیانیش لە ئێراندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.