کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی کۆماریخوازی ئامریکا: ناوی سپای پاسداران دەبێ لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا بمێنێتەوە

12:55 - 4 خاکەلێوه 2722

ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆماریخواز لە کۆنگرەی ئامریکا لە نامەیەکدا ڕوو بە ''ئانتۆنی بلینکێن'' وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە داوایان کردووە ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئامریکادا بمینێتەوە.

ئەو نامەیەکە لەلایەن ''سکات فرانکلین'' نوێنەری فلۆریدا لە مەجلیسی نوێنەران واژۆی بۆ کۆ کراوەتەوە، دوای ئەوە نووسراوە کە هەواڵی ئەگەری بڕیاری ''بایدن'' بۆ سڕینەوەی ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا بڵاو بووە.

فرانکلین لە کاردانەوە بەو بڕیارەی دەوڵەتی بایدن وتوویەتی: ''سپای پاسداران، لە ئێستادا یەکێک لە مەترسیدارترین گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهانە''.

ناوبراو ڕوو بە دەوڵەتی بایدن وتوویەتی کە بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نییە ڕەوایی بەو ڕێژیمە تێرۆریستییە بدات.

هەروەها نوێنەرانی کۆنگرە وتوویانە: "هەر بڕیارێک کە ڕەوایی بە سپای پاسداران بدات و ڕێگا بەو گرووپە تێرۆریستییە بدات کە هەڕشە لە دێموکراسی و ئازادیی لە سەرانسەری جیهان بکات، داژیەتی دەکەن''.

هەر لەو پێوەندییەدا ماڵپەڕی ''ئەکسیوس'' و هەواڵدەریی ''ڕۆیتێرز''باسیان لەوە کردبوو کە ئامریکا لە ئەگەرێکدا ناوی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکاندا دەردێنێت کە ڕێژیمی ئیران بەڵینیی ئەوە بدات لە ناوچەکەدا دەستێوەردان و ئاژاوەگێریی نکات.