کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا سەبارەت بە "ڕەئیسی" داوای بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکانیان کردووە

12:41 - 24 پووشپەڕ 2721

گرووپێک لە نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرکۆماری ئامریکا، داوایان کردووە کە کۆمیتەیەک بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" ئەنجامی داون، پێک بێت.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هاتووە کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" خوێنمژێکی بەدناوە کە لە بەرانبەر دژبەرانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و هەر کەسێکی دیکە کە بوێریی دژبەرایەتیی ئەوی بووە، بە توندترین شێوە مافی مرۆڤی بەنیسبەتیانەوە پێشێل کردووە.

"ستیڤ کۆهن" نوێنەری دێموکرات و "تام مەک کلینتاک" نوێنەری کۆماریخواز کە بەڕێوبەرانی گرووپی پارلمانیی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران لە کۆنگرەی ئامریکان، ئەو نامەیەیان واژۆ کردووە.

"تام مەک کلینتاک" ئەندامی کۆنگرەی ئامریکا بە ناردنی ئەو نامەیە بۆ "جۆ بایدێن" سەرکۆماری ئامریکا خوازیاری بەدواداچوونی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕۆڵگێڕانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ئێستای ڕێژیمی ئێران کە بە جەللادی ٦٧ ناسراوە لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ئێراندا بووە.