کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لەگەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی سوئید کۆ بوونەوە

11:33 - 2 جۆزەردان 2720

نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ پێکهاتوو لە "جەمیلە حەسەنخاڵی و ناسر بولیدەیی" لەگەڵ "ئان لیندە" وەزیری کاروباری دەرەوەی سوئید لەبارەی پرسی نەتەوەکانی ئێران گفتوگۆیان کرد.

ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ "ئان لیندە" وەزیری کاروباری دەرەوەی سوئید دۆخی ژیانی نەتەوەکانی ژێر دەستی ڕێژیمی ئێرانیان تاوتوێ کرد.

ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی سوسیال دێموکراتی سوئید پێک هاتبوو.

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دۆخی نەتەوەکانی ئێران لە کوردستان، بەلووچستان، ئەهواز و تورکمەن سەحرا کرا.

نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ باسیان لەوە کرد ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە قەیرانی کۆرۆنادا ئەرکی یاسایی خۆی بەنیسبەت هاووڵاتییانی خۆی بەجێ نەگەیاندووە.

هاووڵاتییان لە ئێراندا دەستیان بە خزمەتگوزاریی پزیشکی نەگەیشتووە. هاوکات ئێعدامەکان لە ئێراندا درێژەی هەبووە، کۆڵبەران کوژراون.

"ئان لیندە" وەزیری کاروباری دەرەوەی سوئید لەو دانیشتنەدا باسی لەوە کرد؛ دەوڵەتی سوئید ناڕەزایەتیی خۆی بەنیسبەت کوشتاری مانگی خەزەڵوەر، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکراینی و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەربڕیوە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی سوئید باسی لەوەش کرد به شێوەی نووسراوە و لەو دانیشتە فەرمییەکاندا باس لە مافی نەتەوەکانی دیکەی ئێران کراوە.

نوێنەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ جەختیان کردەوە کە ڕێژیمی ئێران ناتوانێت چاکسازی لە خۆیدا بکات و درێژەی ئەو ڕێژیمە هەڕەشەیەکە بۆ سەر دراوسییەکان.

لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربووان بەنیسبەت هاوکاریی ئابووریی یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی.

"ئان لیندە" وەزیری کاروباری دەرەوەی سوئید جەختی کردەوە کە سوئید پشتیوانی لە مافی گەلی کورد بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی دەکات.