کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات سەردانی دەفتەری ئەندام کۆنگرەی گۆمێرتی کرد

11:14 - 19 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا  سەردانی  دەفتەری ئەندام کۆنگرەی گۆمێرتی کرد.

  لە چاوپێکەوتنەی ئارش ساڵح، نوێنەری حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران لە ئامریکادا، وێڕای سپاسی هەڵویستە شیاوەکانی کۆنگرێسمەن گۆمێرت، وتی: کە خەڵکی ئێران و ئازادیخوازان لەو ناوچەیە زۆر پێیان خۆشە کە دەنگی بەهێزی وەکوو ئێوە ـ کۆنگرێسمەن گۆمێرت ـ زیاتر لە واشینگتۆنەوە ببیستن.

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە ئامریکا، وتی: کە هەڵوێستی بەهێز لە دژی ڕێژیمی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران هیوایان زۆرتر بێت و هاوکات بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران باشتر دەبینن کە ئەم ڕێژیمە لە کۆتاییی خۆی نزیک دەبێتەوە و زووتر هوشیار دەبنەوە.

نوێنەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، هەروەها چەندین بەڵگە و ئامار کە لە لایەن دەزگا جیاوازەکانی حیزبی دێموکراتەوە ئامادە کرابوون، پێشکەش بە کۆنگرێسمەن گومێرتی کرد و وتی: هیوادارم بتوانن لەم ئامارانە کە بە هیمەتی دەزگا جیاوازەکانی حیزبی دێموکرات ئامادە و وەرگێڕدراون، بۆ بەبەڵگەییکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کەڵکیان لێ وەر بگرن. ئاماری زیندانییانی سیاسی و دوایین ئاڵۆگۆڕەکان و هەروەها لیستی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کراون لە نێو ئەو بەڵگەنامانەدا هەبوون، کە بە تێکۆشانی بەشی ڕاگەیاندن و ئورگانەکانی تری حیزبی دێموکرات ئامادە کراون و دەفتەری کۆنگرێسمەن گۆمێرت ڕایانگەیاند، کە وەکوو سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو چاویان لێ دەکەن.

لە درێژەدا ئارش ساڵح باسی لەوە کرد، کە بۆ ئامریکایییەکان گرینگە کە ئێران لە ڕوانگەی ئێمەشەوە ببینن.

لەم بارەوە نوێنەری حیزب وتی: کە ئێوە وەکوو ئامریکایییەکان چوار دەیەیە کە لە ئێراندا هیچ چەشنە حوزوورێکتان نەبووە و ناسینی ئێوەش لەسەر ئێراندا تەنیا لە ڕوانگەی کەسانێکەوە بووە کە خۆشیان ماوەیەکی زۆرە لەوێ نەبوون بۆیە ئەگەری ئەوەی کە تووشی هەڵەی موحاسیباتی بن، زۆرە.

نوێنەری حیزبی دێموکرات وتی: بۆیە بە باوەڕی ئێمە باشترین شێوە بۆ پێشگرتن لەو هەڵەیە، گوێگرتنە لە هەموو لایەک بەتایبەت ئەو حیزب و لایەنانەی کە پێوەندی و حوزووری بەردەوامیان لە نێوخۆ هەیە و ڕەنگدانەوەی فرەڕەنگی و فرەنەتەوەییبوونی ئێرانیان پێوە دیارە.

شایانی باسە، کۆنگرێسمەن گۆمێرت یەکێک لەو ئەندامانەی کۆنگرەیە کە بەردەوام خوازیاری ئەوەیە کە گوشاری زیاتر بکەوێتە سەر ڕێژیمی ئێران و لەو پێوەندییەدا هەوڵ دەدات.